سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە سنورەکانی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێ تیمێکی تیرۆریستییان لەناوبردووە.
پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەر بە هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو و لە سنورەکانی ماکۆ، تیمێکی تیرۆریستی کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانمان، کە ویستوویانە بچنەناو قوڵایی خاکی ئێرانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران، هەر سێ ئەندامی ئەو تیمە کوژراون و لەناوچوون.
سوپای پاسدارانی ئێران راشیگەیاندووە، لەو شەڕەدا هێزەکانیان دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەک چەک و کەلوپەلی سەربازی و مەوادی تەقینەوەدا.
سوپای پاسدارانی ئێران ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرانەکردووە کە کوژراون و هیچ ئاماژەیەکی بەوەشنەکردووە کە ئایا هێزەکانی خۆیان زیانیان بەرکەوتووە یاخود نە.