کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئێران دیاریکرا

  2020-08-24  | 
تاران
کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئێران دیاریکرا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی ئاشکراکرد، کە تیایدا جێگرەوەی حەسەن رۆحانی هەڵدەبژێردرێت.

جەمال عۆرف جێگری وەزیری ناخۆی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کە هاوکات بەرپرسی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانە، رایگەیاند، ئەنجومەنی پاسەوانی دەستور، بەڕێوەچوونی سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەمانی، لە ڕۆژی هەینی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا، پەسەند کردووە.

بەپێی دەستوری ئێران، ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوری وڵاتەکە، چاودێری کات و چۆنیەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دەکات. دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکان و پاڵێوراوانی کۆتایی لەرێگەی هەڵسەنگاندن بۆ شایستەبوونی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری و لەدواجاردا پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژارنەکان، لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوری ئێراندایە.

پێشتر حکومەتی ئێران رۆژەکانی ١١ و ١٨ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری، پێشنیاز کردبوو. بە دیاریکردنی رۆژی ١٨ی حوزەیرانی داهاتوو لەلایەن ئەنجومەنی پاسەوانی دەستورەوە، سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران کەمتر لە ١٠ مانگی دیکە بەڕێوەدەچێت.

سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢١دا هەڵبژێردرێت، دوای ئەبولحەسەن بەنی سەدر، محەمەد عەلی رەجایی، عەلی خامنەئی، ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد و حەسەن رۆحانی، هەشتەمین کەس لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت کە ئەو پۆستە وەردەگرێت.



ڕیکلام