'' کات زۆرە بەڵام چی لەکات بکەم ''

  2020-08-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

دوا بەرهەمی چاپکراوی دڵشاد عەبدوڵڵا

لە ماوەى ڕابردوودا شاعیری کورد دڵشاد عەبدوڵڵا کۆمەڵە شیعرێکى خۆی بە ناوى (کات زۆرە بەڵام چى لە کات بکەم) چاپ کرد و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندا دەست دەکەوێت، تایبەت بە تۆڕى هەواڵى ژیان دڵشاد عەبدوڵڵا وتى: فەزای نووسینی شیعر هەر هێندە کاریگەرە تا تەشقی تەنیایی لەشاعیر تێک نەدا ئەگینا کە شاعیر بڕیاردەدا بنووسێ ئیتر بەربەستەکان دەسڕێنەوە، یان بە شێوەیەکی تر بایەخیان نامینێ. هیچ شتێک ڕێگر نییە لە شیعر شاعیر خۆی نەبێ.

     لەبارەى دۆخى کۆڕنا و لەباربوونى ئەو قۆناغە بۆ نووسین ئەو شاعیرە وتى: ئەو دۆخەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروست بوو فەزای نووسینی گونجاوتر کرد، نووسەریشی بردەوە ناو دۆخی ئاسایی خۆی وەک کەسێک نووسین کاری سەرەکی بێ. کاتێک نووسەری لەجیهانی پەرشوبڵاوی دەرەوە دابڕی، دابڕانێکی فیزیکی دروستکرد بەجۆرێکی تر تێکەڵبوون هاتەکایەوە، ئەو تێکەڵبوونە ئەگەرچی بەناچاری بوو وەلێ شاعیری و ڕووحی تر بوو، لەبەر ئەوەی مرۆڤ ڕێک ڕووبەڕووی مەرگی خۆی و ئازیزانی دەستەپاچە وەستابوو، لەکاتی ئاوەهادا دەربڕینی هەست تاکە شێوازی بەرگرییە و شیعریش پوختە و کاکڵەی هەموو دەربڕینەکانە. ئەم کتێبە لەو فەزا داخراوە هەوڵێکە بۆ دەرچوون و ناردنی ڕووناکی لەوسەری توونێلەکەوە! نابێ لەیادمان بچێ ئەدەب ئومێدە هەتائەگەر لەوپەڕی نائومێدیشدا بنووسرێ .

      لە دوا بڕگەى قسەکانیدا دەربارەى ئارەزووى ئەو بۆ سەفەرێک بۆ شاری شیرازى وڵاتى ئێران وتى: هەندێک لە شیعرەکان بۆنی ئەو سەفەرەی پێوەیە کە ساڵی پار کردم بۆ شیراز. دەمێک بوو حەزم دەکرد بچمە شیراز و ڕێک نەدەکەوت بۆیە بەتامەزرۆوە چووم و چەند بەرهەمێکم لەوێ نووسیوە، ئەوەی تر هەندێکی نزیکردنەوە و لێکچوواندنی خەیاڵیی خۆمە ( ئەوەی عەرەب پێی دەڵێن تەماهی ) لەگەڵ هەندێک لەو شاعیرانەی خۆشم دەوێن و سەرسامم بە برهەمیان لەوانە، ئانا ئاخماتوفا و دیریک والکووت و سێلڤیا پلاز .

     ماوەتەوە بڵێین دڵشاد عەبدوڵڵا شاعیرێکى دیاری کوردە و خاوەنى چەندین دیوانى شیعرە و ئەم بەرهەمەشى لە ئێستادا بەردەستە.



ڕیکلام