بەبڕیاری پارێزگاری سلێمانی، نەخشەی تۆپۆگرافی و کارگێڕیی نوێی سنوری پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی و ماستەرپلانی شاری سلێمانی، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
پەیجی فەرمی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی٨ی٢٠٢٠، لەسەر پێشنیاز و بڕیاری پارێزگاری سلێمانی، نەخشەی تۆپۆگرافی و کارگێڕیی نوێی سنوری پارێزگاکە و یەکە کارگێڕییەکانی و ماستەرپلانی شاری سلێمانی بەشێوەیەکی شایستە لەلایەن نازەنین محەمەد مەحمود سەرۆکی ڕوپێوی لە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای (IGCO) جێبەجێکران.
ئاماژە بەوەشکراوە، پارێزگاری سلێمانی سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانە کرد، کە دڵسۆزانە لەم پڕۆژانەدا بەشداربوون و لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆی ئەم نەخشانە لە ئەتڵەسێکی تایبەت بە پارێزگای سلێمانیدا چاپ دەکرێن.