عێراق بڕی داهات و هەناردەی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

  2020-08-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی خاوی مانگی تەموزی ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زیاتر لە ٨٥ ملیۆن بەرمیل نەوتیان فڕۆشتووە و بڕی داهاتەکەشی زیاتر بووە لە ٣ ملیار دۆلار.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی تەموزی ڕابردوودا بڕی ٨٥ ملیۆن و ٦٦٣ هەزار و ٢٩٠ بەرمیل نەوتی خاوی فڕۆشتووە، لەو بڕەش داهاتی ٣ ملیار و ٤٩١ ملیۆن و ٧٦٧ دۆلار داهاتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت گلداوەتەوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە لەکێڵگە نەوتییەکانی باشور و ناوەڕاستەوە بڕی ٨٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار و ٣٨١ بەرمیل نەوتی خاو هەناردە کراوە، بەڵام لە کێڵگەکانی شاری کەرکوکەوە بڕی ٢ ملیۆن و ٧٠١ هەزار و ١٥ بەرمیل بۆ سەر بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە کراوە، لەکاتێکدا بڕی ٢٦١ هەزار و ٨٩٤ بەرمیلیش بە تانکەر بۆ وڵاتی ئوردون هەناردە کراوە.

عاسم جیهان ڕوونیکردەوە هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ٤٠ دۆلار و ٧٦ سەنت فرۆشراوە و لەلایەن ٣٠ کۆمپانیای جیاجیای فڕەڕەگەزەوە بارکراوە بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان.



ڕیکلام