بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی میسر و عێراق و ئوردن

  2020-08-25  | 
کۆبوونەوەی لوتکەی میسر و عێراق و ئوردن لە عەممان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عێراق و ئوردن و میسر لە عەممان، جەختکرایە لە هاوبەشی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەنێوانیاندا و سەرکردەی هەرسێ وڵات خۆشحاڵی خۆیان دەبڕی لەئاستی هەماهەنگی و هاوکاری سیاسی و ستراتیژی نێوانیان.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن سەرکردەی هەرسێ وڵاتەوە بڵاوکرایەوە، جەختدەکاتەوە لە بایەخی بەهێزکردنی هاوکاری و پشتبەستن بە باشترین ڕێگە بۆ تەرجەمەکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەنێوانیاندا، بە تایبەت ئابوری و وزە و بەستنەوەی هێڵی کارەبا و پڕۆژەکانی وزە و بنیاتنانی ناوچەی ئابوری هاوبەش و تەواوکاری سەرچاوەکانی داهات لەنێوان هەرسێ وڵاتدا، بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستای تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا  و کاریگەریی لەسەر ئاسایشی تەندروستی و خۆراکی و ئابوری.

بەگوێرەی بەیاننامەکە هەر سێ سەرکردەی میسر و ئوردن و عێراق، جەختیانکردووەتەوە لە بایەخی کێشەی فەلەستین و کاراکردنی هەوڵەکان بۆ وەیدیهێنانی ئاشتی دادپەروەرانە، کە مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستینی تیا ڕەچاو کرابێت، بە تایبەت لەمافی خاوەندارییەتی دەوڵەتی خاوەن سەروەریی لەسەر نیشتیمانی خۆی، کە پایتەختەکەی قودس بێت.

لەوڕوەوە جەختیانکردووەتەوە لەپێویستی ڕاگرتنی هەوڵی لکاندنی خاکی فەلەستین بە ئیسرائیل و سەرجەم ڕێوشوێنەکانی کە ڕێگرن لە چەسپاندنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە.

وەک لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژەی پێکراوە، گرنگە هەوڵەکان یەکبخرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە، بە تایبەت قەیرانی سوریا و لیبیا و یەمەن بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، کە یەکپارچەیی ئەو وڵاتانە بپارێزێت.

هەرسێ لا باسیان لە کێشەی بەنداوی نەهزەی ئەسیوبیان کردووە و جەختیانکردووەتەوە لەوەی ئاسایشی ئاوی کۆماری میسری عەرەبی بەشێکی دانەبڕاوی ئاسایشی نەتەوەی عەرەبە، بۆیە پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، کە بەرژەوەندییەکانی میسر و سودان لەڕووی بەشە ئاوی خۆیانەوە پارێزراوبێت.