ناوی شەقامی 100 مەتری سلێمانی گۆڕا

  2020-08-26  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وا بڕیارە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی خێراتر بكرێت و ئەوكەسانەشی زیانیان بەردەكەوێت قەرەبوو بكرێنەوە.

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە بڕیاردرا ناوی شەقامی 100مەتری سلێمانی بۆ (ئۆتۆبانی بابان)بگۆڕدرێت. 

هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا بە قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان لە چوارچێوەی یاسا و هەڵگرتنی ئاستەنگەكانی بەردەم خێرا جێبەجێكردنی پرۆژەكە. 

پڕۆژەكە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێكهاتووە، كە لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە، لەكاتی تەواوبوونی هەموو پڕۆژەكە شەقامەكانی 60 مەتری و 100 مەتری بەشێوەی تۆڕێك لە شەقام بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ڕووپۆشی ڕووبەری 472 كیلۆمەتر دووجا دەكات. تاوەكو 20 ساڵی دیكەش كێشەی جەنجاڵیی هاتووچۆ لە سلێمانی ناهێڵێت.

درێژیی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو دەبێت و لە 100 مەترییەوە دەستپێدەكات تاوەكو كۆتاییەكەی كە دەبێتە 40 مەتریی. پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی ئێستا قۆناغی یەكەمە، كە لە 33 كیلۆمەتر پێكدێت، هەشت یەكتربڕ و شەش ئاوبەری سندووقی تێدایە و بەپێی ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت.


ڕیکلام