وتەبێژی پارتی: بەمزوانە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە

  2020-08-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی پارتی رایگەیاند بەمزوانە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوە، گفتوگۆ ئەو خاڵانەی لەسەریان رێككەوتوون، ورددەكرێنەوە و ئالییەتی جێبەجێكردنیان بۆ دادەنرێت.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند، بەمزووانە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوە ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی "هەوڵبدەین ئەو گرێیانەی ئێستا هەن، خاویان بكەینەوە و بگەینە ئەوەی بەرە بەرە ناوەڕۆكی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوانمان جێبەجێ بكەین".

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، رێكەوتنەكەیان  هەر لە بابەتی پەرلەمانەوە تاحكومەت و ئەو یاسایانەی رەهەندی دەستوورییان هەیە، دەگرێتەوە، مەبەستیانە بزانین چۆن بەیەكەوە هاوكاری بكەن.

ئەو وتیشی "دەبێت بەم نزیكانە ئەم كۆبوونەوەیە بكرێت، چونكە لەو كۆبوونەوەیەدایە ئەو خاڵانەی دیكەی لەسەریان رێككەوتووین، ورددەكرێنەوە و ئالییەتی جێبەجێكردنیان بۆ دادەنرێت، بۆیە بە جێبەجێكردنی ئەمە؛ دەگەیەنە قۆناغێكی دیكە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان".

وتەبێژی پارتی راشیگەیاند كۆبونەوە و لێكنزیكبوونەوەیان لە یەكێتی "رەنگدانەوەی لەسەر هەموو پرۆسەی سیاسیی كوردستان دەبێت و دەتوانین بڵێین پاڵپشتییەكی گەورەش دەبێت لە بەشداریی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقی و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەگەڵ حكومەتی فدراڵی هەمانە".

ئەوەش دوای ئەوە هات كە لە دوای كۆنگرەی یەكێتی لە 21كانونی یەكەمی 2019 ئەنجامدرا پارتی و یەكێتی تەنها چەند كۆبوونەوەیەكی بچوككراوە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا ئەنجامدراوە. 


ڕیکلام