نەتەوە یەکگرتووەکان: گەندەڵی لەعێراق بەشێوەیەکە پێناسە ناکرێت

  2020-08-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوایکرد، کردەوەکانی تیرۆرکردن ڕابگیرێت کە لەبەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی پەیڕەو دەکرێت و گەندەڵیش لەعێراق بەشێوەیەکە پێناسە ناکرێت.

جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە وتەیەکدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بە کوشتنی خەڵک لەبەر هەر هۆیەک بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ٦٠٠ کەس کوژراون، داواشی کرد بە بایەخەوە کاربکرێت بۆ وەدیهێنانی داخوازی خۆپیشاندەران.

دەربارەی دۆخی ئابوری عێراقیش ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕواندەکرێت بڕی کۆبەرهەمی ناوخۆیی عێراق بەڕێژەی ٩.٧% نزمبێتەوە، جەختیشیکردەوە لەوەی دیاردەی گەندەڵی تا ئێستاش لە تەشەنەکردندایە لە عێراق، بەشێوەیەک ئابوری پەخشتووە کە ناتوانرێت پێناسە بکرێت.

جەختیشیکردەوە سەرباری ئەوەی زۆر پێویستیان پێیەتی بەڵام داهاتی عێراقییەکان بەردەوام دەدزرێت.

لەوتەکەیدا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانێت عێراق بە قۆناغی ڕاگوزەردا تێپەڕ دەکات، لەبەر ئەوە یۆنامی پێویستی بەبودجەی زیاترە بۆ ئەوەی کارەکانی سەرکەوتوو بێت.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا بلاسخارت جەختیکردەوە لەوەی، پێویستە لەسەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی فشار لە ئێران بکەن و رێگەی پێ نەدەن بەردەوام بێت لە هەڵسوکەوتەکانی ئێستای، لەوڕوەوە ئاماژەی بەوەکرد، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختیکردووەتەوە لەپێویستی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میلیشیاکان لە عێراقدا.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی بەڵێنی ئەوەی دا، کاربکات لەپیناو بوژاندنەوەی ئابوری عێراق، لەوڕوەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەچەند مانگی ڕابردوودا نوێنەرایەتییەکەی گەورەترین پشتیوانی عێراق بووە و پارەی زۆری بۆ کۆمەی تەندروستی و مرۆیی لەو وڵاتەدا تەرخانکردووە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ححکومەتی فیدراڵی لەبەغدا، بلاسخارت هانی هەردوولای دا بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان، لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوانیاندا.

دەربارەی دۆخی ئابوری عێراقیش ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕواندەکرێت بڕی کۆبەرهەمی ناوخۆیی عێراق بەڕێژەی ٩.٧% نزمبێتەوە، جەختیشیکردەوە لەوەی دیاردەی گەندەڵی تا ئێستاش لە تەشەنەکردندایە لە عێراق، بەشێوەیەک ئابوری پەخشتووە کە ناتوانرێت پێناسە بکرێت، چونکە داهاتی عێراقییەکان بەردەوام دەدزرێت.



ڕیکلام