«کۆتایی» کەی کۆتاییدێت؟

  2020-08-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەلید عومەر

لە چەند دەیەی ڕابردوودا, باس لە کۆتایی زۆر شت کراوە, بۆنمونە, کۆتایی فەلسەفە, کۆتایی شیعر, کۆتایی ڕۆمان, کۆتایی مێژوو, کۆتایی واقیع, کۆتایی ژینگە و تەنانەت کۆتایی دونیاش. دیارە بانگەشەی «کۆتایی» لەم شتانەدا نەوەستاوەتەوە و بەردەوام گوێمان لە چەندین کۆتایی تر دەبێت. ئێمە بە حوکمی ئەوەی لە کۆمەڵگایەکی دینییدا گەورەبووین, ئەوا وشەی ̎کۆتایی̎مان لە دینەوە وەرگرت. وشەکانی وەک ڕۆژی دوایی, پاشەڕۆژ, ئاخیرەت, ئاخرزەمان لەو وشانە بوون کە زرینگانەوەی کۆتاییان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو. واتە لەسەرەتاوە گوتاری دینی خاوەنی کۆتایی بوو, بەڵام پاش کرانەوەمان بە ڕووی جیهاندا کۆتایی بەرەو کایەکانی تریش خزا. 

بەر لەوەی پرسی کۆتایی لەڕووی فیکرییەوە, شیکەینەوە و ڕەخنەی بکەین ئەوا باشترە ئاماژە بەوەش بکەین کە کۆتایی لەژێر ناوی تریشدا بەرهەمهاتۆتەوە و ئیشی خۆی کردووە. یەک لەوانە بریتییە لە ̎تەرککردن̎. ئەمڕۆ زۆرکەس دەیانەوێت هەندێک شت تەرکبکەن وەک کحول, جگەرە, مادەی بێهۆشکەر, هتد. واتە تەرککردنیش هەڵگری مانا و مەدلولی کۆتایی بووە. تەرککردنیش وەک کۆتایی, دیوێکی جیهانیی هەبووە و تەنیا پرسێکی ناوخۆیی و شەخسی نەبوو. بەڵام جیاوازییەکەشیان ئەوە بووە کە لە کۆتایی شتەکانی تردا ئیرادە ڕۆڵی نەبووە و پتر بەرەنجامی کاریگەرییەکی مێژوویی و گەردوونی بووە(نەک وەک تەرککردن کە ویست و ئیرادە ڕۆڵی هەیە). لەپاش پەرەسەندنی دیجیتاڵیشەوە, چەمکی کۆتایی وەک هەموو شتێکی تر تووشی خێرایی و پەلەپڕووزێ هاتووە و هەندێک لە شتەکان زوو بەر کۆتایی خۆیان دەکەون وەک: کۆتایی ناوبانگ و دەرکەوتن, کۆتایی پرۆژە, کۆتایی کات و دەرفەت, کۆتایی پەیوەندی, کۆتایی مەسرەفی کاڵاکان و هتد. پرسیارێکی قورس و جددی کە لێرەدا خۆی قوتدەکاتەوە ئەوەیە: ئەگەر ئەم هەموو کۆتاییە بۆ ششتەکان ڕاگەیەنراوە ئەی بۆچی کۆتاییان نەهاتووە؟ بۆچی هێشتاش لە چواردەروماندا هەن؟ بۆچی دەستێکمان پێوە گرتوون؟

یەکێک لەو فەیلەسوفانەی کە لە گۆشەیەکی ترەوە سەیری کۆتایی دەکات, ژان بۆدریاری فەیلەسوفی کۆچکردووی فەڕەنسییە. بۆدریار پێی وایە کۆتایی بەو مانایە بەسەرچووە کە بەشێوەیەکی بەرجەستە دواییهاتنی شتێک ببینین. بە مانایەکی تر, بۆدریار پرسی کۆتایی ڕەتدەکاتەوە چونکە پێی‌وایە «خاڵی قەیراناویی مەرجەع» بوونی نەماوە تاکو خاڵی کۆتایی بۆ دیاردەیەک دانێت و کۆتایی بێت. واتە ئەو کاتەشی کە کۆتایی بۆ شتێک دادەنێین لەم سەردەمەدا, ئەوا شتەکە هەر درێژەی هەیە بەڵام فۆرم و فرمان و شێوازی دەرکەوتنەکەی دەگۆڕێت. واتە ئەوەی هەیە لەسەرووی کۆتاییەوەیە نەک پێش کۆتایی.  کۆتایی پتر سەر بە مۆدێرنە بوو نەک پۆستمۆدێرنە, چونکە لە مۆدێرنەدا سەرەتا و کۆتایی شتێک دەستنیشاندەکرا و لە هەناویشیدا ئاماژە بۆ قەیرانی ئەو شتە دەکرا. بەڵام پاش قۆناغی لەبەرگرتنەوە و زێدەواقیع, شتەکان تووشی تەشەنەیەکی سەرەتانی دەبن و لەجیاتیی کۆتاییهاتن تووشی زۆربوونێکی ڤایرۆسی دەبن و لەبری کۆتایی, ئاوابوون ڕوودەدات(یان ڕەقهەڵاتنی ئاوابوون و ئەبەدیبوونەوەی ئاوابوون نەک خودی ئاوابوون).

بۆدریار کە دەخرێتە ڕیزی پۆستمۆدێرنەکانەوە کتێبێکی لەمەڕ «وەهمی کۆتایی» نوسیوە و پێی وایە کاتێک تا کۆتایی دەڕۆین ئەوا خودی کۆتاییش لەدەستدەدەین. کۆتایی بەپێی بۆدریار لە شۆکی کۆتاییهاتن خاڵیبووەتەوە و مێژوو تا بنەکەی ڕۆیشتووە. ئەو لەو کتێبەدا باسی کەسێک دەکات چەترێکی خستووەتە بن باڵی و بە ژێر باراندا دەڕوات. کاتێکیش لێی دەپرسین ئەوە بۆچی چەترەکەت هەڵنادەیت, وەڵامدەداتەوە: حەزناکەم هەستبکەم تا بنی بنەوەی هەمو ئیمکانەکانم ڕۆیشتووم. واتە بۆدریار بۆیە پێی وایە کۆتایی, جگە لە خەیاڵپڵاوییەک هیچی تر نیە, چونکە هەموو ئیمکان و توانستەکانی خۆمان خستووەتەگەڕ و سەرەتا و کۆتایی مانای نەماوە. کۆتایی ئەودەم مانای هەیە کە شتێک لە ئیمکاناتی خۆت بهێڵیتەوە, شتێک لە مێژوودا بهێڵیتەوە. دۆخێکی لەم جۆرە مردنیش وەک «ئاسۆیەک» دەکاتەدەرەوە. کۆتایی وەک ئاسۆیەک تەفروتوونادەکات, ئاسۆیەک کە یەکانگیری بە بوونی ببەخشێت.  بەکورتییەکەی لای بۆدریار, کۆتایی بەسەر سنورە کلاسیک و مۆدێرنەکانی خۆیدا بازدەدات و درێژە بە نوسخە بێشومارەکانی خۆی دەدات.   
 
گەر لەکۆی گشتییشدا, سەیری زەقبوونەوەی وشەی کۆتیای بکەین ئەوا لەبەرامبەریدا وشەیەکی ترمان بردۆتەوە(بەتایبەت پاش تەشەنەی زانستی فیزیا). لەڕوانگەی فیزیاوە, کە گوتارێکی زانڵی زانستیی ئەمڕۆیە, ئێمئێمە شتێکمان بردۆتەوە کە ناوی “ناکۆتا”یە. ئاشکرایە ناکۆتا پێچەوانەی کۆتاییە و ئاماژەیە بۆ خاڵێک کە پێی ناگەین. بەڵام سەرەنجام  ڕوون نییە چی لەم ناکۆتاییە دەکەین و چەندیشی لە خزمەتی ئەو بوونەوەرەدایە کە دەمێکە پێی دەڵێین ̎مرۆڤ̎. حەق لای عەقڵی باوە کە کۆتایی بۆ شتەکان ڕادەگەیەنێت, یاخود لای بیرمەندێکی وەک بۆدریارە کە پێی وایە کۆتایی خۆیشی ونبووە و ئەوەی هەیە زڕە-کۆتاییە؟



ڕیکلام