لەسەر گرانبونی نرخی مریشک ڕوونکردنەوە دەدرێت

  2020-08-28  | 
هەولێر
لەسەر گرانبونی نرخی مریشک ڕوونکردنەوە دەدرێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان هۆکاری گرانبونی نرخی مریشک لەبازاڕەکاندا ئاشکرادەکات و دەشڵێت، لەماوەی هەشت مانگدا بڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان کەوتووە .

نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ڕایگەیاند، "مریشک نرخی بەوشێوەیە  بەرزنەبۆتەوە کە زیان و زەرەری خاوەن کێڵگەکان پڕبکاتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیەش کاتییە و لەناو کێڵگە پەلەوەریەکان کە بە دوو هەزار و ٤٠٠ دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا دوو هەزار و ٢٥٠ دینار بڕی تێچوونیەتی ".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای مانگی ٣ی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، بەبڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان کەوتووە .

وتیشی، "بەتەنها پارێزگای سلێمانی ساڵانە بڕی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار تۆن مریشکی زیندوو بەرهەم دەهێنێت و بەبەڵگە و داتا ئەوە دەسەلمێنین، بۆیە داواکارین لەهەموو لایەنەکان و ڕاگەیاندنەکان پشتیوانی ئەم کەرتی ناوخۆییە بکەن و نەیەڵن توشی داڕمان ببن ".

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان راشیگەیاند، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم نرخی گومرگی لەسەر هێلکەی تروکاندن بەرز کردۆتەوە، کە ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ گرانبوونی نرخی مریشک لە بازاڕەکاندا.



ڕیکلام