ژمارەیەک پەرلەمانتار هۆشداری دەدەن لە دۆخی کەرکوک

  2020-08-29  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەک پەرلەمانتاری کەرکوک وەڵامی پەرلەمانتارێکی بەرەی تورکمانی دەدەنەوە و هۆشداری دەدەن لە دۆخی هەستیاری شارەکەیان بۆ دروستبوونی دەمارگیری لە شارەکەدا.


ژمارەیەیک پەرلەمانتاری کەرکوکی یەکێتی وەڵامی ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی دەدەنەوە کە وتبووی، ھاوڵاتییەك پاش دەستگیركردنی لەلایەن ھێزەكانی دژەتیرۆرەوە ئازار و ئەشكەنجە دراوە و بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە. 

پەرلەمانتارەکانی یەکێتی لەو شارە وێڕای ڕەتكردنەوەی تەواوی هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارە ، ڕایدەگەیەنین "پاش بەدواداچوونمان و دەستكەوتنی بەڵگەی تەواو دەركەوت كە خولێخۆشبوو (ئوسامە حەسەن محەمەد) لەخێزانێكی كوردی-توركمانی لەبەرواری ٢١ی ئاب داخڵی نەخۆشخانەی ئەنتەرناشناڵی شاری ھەولێر كراوە و  پرۆتۆكۆڵی چارەسەری كۆرۆنای پێدراوە و پاشان بەكاریگەری ھەمان ڤایرۆس كۆچی دوایی كردووە".

نوێنەرەکانی یەکێتی لەو شارە دەشڵێن "ئەم لێدوان و بڵاوكراوانە لەكاتێكدایە كە شارەكەمان بە دۆخێكی ھەستیاردا تێپەڕدەبێت و لەھەمووكات زیاتر پێویستمان بە لێك نزیكبوونەوە و گەیاندنی پەیامی ئاشتەوایی و پێكەوەژیانە بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە ھەواڵە بێ بنەمایانە خزمەت بە كەركوك و دانیشتووانەكەی ناكات جگە لە دروستكردنی ڕق و تووڕەیی و دەمارگیری نەتەوەیی" . 


ئەوان لەگەڵ ڕوونكردنەوەکەیاندا بەڵگەی پڕۆتۆكۆڵی چارەسەری كۆرۆنای ماوەی نۆ ڕۆژی مانەوەی ئەو کەسەیان بڵاوکردووەتەوە کە لە نەخۆشخانەدا بووە.




ڕیکلام