سەبارەت بەهاوردەکردنی دەرمان لە تورکیاوە روونکردنەوە دەدرێت

  2020-08-29  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی (KMCA )، سەبارەت بەهاوردەکردنی دەرمان لە تورکیاوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو پڕۆسەیە لە كابینەی پێشووی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بە پێی ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ دەکرێت.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی نووسینی بەڕێزێک لە لاپەڕەی کەسی بەناوی (سۆران عمر سعید) سەبارەت بە قۆرخكردنی ھێنانی دەرمان تەنھا بۆ كۆمپانیایەكی دیاریكراو و ڕێگریكردن لە كۆمپانیاكانی تر، بۆ ڕای گشتی ڕاستیەکان ڕادەگەینین كەوا پڕۆسەی ھاوردەكردنی دەرمان لە وڵاتی توركیا، لە كابینەی پێشووی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە پێی ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی و بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٥٧٤٩) لە ڕێکەوتی ٢٠١٦/١٠/٢٤ دانراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێنماییەكان بۆ گشت كۆمپانیاكانی دەرمان دەرچووە و دەتوانن بە بێ جیاوازی كاری پێ بكەن و ھیچ كۆمپانیایەك بەبێ بەھانە ڕانەگیراوە و ڕاناگیرێت، ئەگەر پێداویستیەکانی داواکراو تەواو بێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "تاوەکو ئێستاش دەیان كۆمپانیای جۆراوجۆری دەرمان ئەو جۆرە دەرمانانە بە پێی ھەمان ڕێنمایی ھاوردە دەکەن، ئەو کومپانیایەی ناویشی هێنراوە چەند ساڵێکە دامەزراوە و کاردەکات کە هیچ پەیوەندی بە مەحسوبیاتی هیچ لایەنێک نیە و هەموو کۆمپانیاکان ئازادن لە هاوردە کردن بە پێی مەرج و ڕێنماییەکان" .

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی (KMCA ) راشیگەیاندووە، پاش چەند پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سۆران عومەر و دوای دڵنیابوون لەوەی كە ئەو ھەواڵ و زانیاریانە بە هەڵە و بێ بنەما گەیشتوون بە دەستیان و لێکتێگەیشتنی ڕاستیەکان، ناوبراو نوسینەکەی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لابردووە.

دووپاتیشیکردووەتەوە، بە ھەموو شێوەیەك گشت ئەو دەنگۆ ناڕاستانە ڕەتدەكەنەوە و بەردەوام دەبن لە پڕۆسەی چاکسازی و پاکسازی کردن لە بواری دەرمان، هەروەک دەیان کۆمپانیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بەهۆی سەرپێچی و نەبوونی مەرجی یاسایی و کەمتەرخەمیان لە ساڵانی ڕابردوو، ئێستا لە کار ڕاگیراون یان لەبواری لێکۆڵینەوە دان و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر .

ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان،  لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردبووەوە، لەم كابینەدا كارەساتێكی گەورە ڕووی لەژیانی خەڵك كردووە و بازرگانی دەرمانی قاچاخ ڕووی لەزیاد بوون كردووە.

راشیگەیاندبوو، "كەسێك بۆتە بەڕێوەبەری كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمان کە خودی خۆی كۆمپانیایەكی دەرمانی قاچاخی بۆ ئامۆزایەكی سەرۆكی حكومەت بردووەبەڕێوە كە لەتوركیاوە دەرمانی توركی ئەدراك داخڵی هەرێمی كوردستان دەكەن".



ڕیکلام