خەسرەو گۆران: بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لەگەڵ یەک بازنەیین

  2020-08-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند حزبەکەی یەک بازنەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پێ باشە چونکە بەپێی ئەو سیستەمە دەنگی هاوڵاتیانی کورد نافەوتێت.

خەسرەو گۆڕان بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندوە لە چەند رۆژی داهاتوودا شێوازی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق یەکلایدەکرێتەوە و ئەوان لەگەڵ فرە بازنەی نین.

خەسرەو گۆران ڕاشیگەیاندوە، بە گوێرەی یاسای نوێی ھەڵبژاردن ھەر پارێزگایەك بەسەر چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردندا دابەش دەكرێت، بەڵام بۆ ئێمەی كورد ھەڵبژاردن یەك بازنە بێت باشترە نەك فرەبازنەیی.

ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت لە کاتی یەک بازنەیەدا دەنگی کورد لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەفێڕۆناچێت و بەڵام ئەگەر هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت ئەوا دەنگی زۆری کورد دەفەوتێت.

ئەوە لەکاتێکدایە چەند خولێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەپێی سیستەمی فرە بازنەیی واتە هەر پارێزگایەک بازنەیەکە، بەڵام بەپێی یاسایی نوێی هەڵبژاردن کە پەرلەمان پەسەندیکردوە و هێشتا مشتومڕ لەسەری بەردەوامە سیستەمەکە زیاتر ورد کراوەتەوە و ئەو قەزایانەی دانیشتوانەکەی 100 هەزار کەسە کراون بە بازنەیەکی هەڵبژاردن.


ڕیکلام