فەلسەفەی گاڵتەجاڕی

  2020-08-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینی: ویلیام د. دێزمۆند

لە ئینگلیزییەوە: ئاگا ئیسماعیل

لە سەدەی چوارەمی پێش زایندا، کوڕی کارمەندێکی بانک بە ساختەکردنی پارە، شاری ساینۆپی توشی قەیران کرد. کاتێک بارودۆخ ئارام بووەوە، پیاوە گەنجەکە، دیۆگنێسی ساینۆپی، دەست بەسەر هەموو ڕەگەزنامە و هەموو سامانەکەیدا گیرا. چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: ئەگەرچی وردەکاری ژیانی دیۆگنێس نادیارە، بەڵام ئابڕوچوونەکەی بووە هۆی دروستبوونی فەلسەفەیەک کە تا ئەمڕۆش زیندووە.

دیۆگنێس پێی وابوو بە ڕەتکردنەوەی بۆچوون و پێوەری سەرکەوتنی ئەوانی تر، بە تەواویی ئازاد دەبێت. بە شێوازێک دەژیا کە پشتی بە خۆی دەبەست، نزیک لە سروشت، بەبێ بوونی پارە و موڵک لە خۆباییبوون یاخود ملکەچیی. لە ڕاستیدا، چەندین ساڵی بە گەڕان لە ناو شارەکانی یۆناندا بەسەر برد. جگە لە عەبا و گۆچان و پشتە کۆڵەیەک، هیچی دیکەی پێ نەبوو— لە دەرەوە دەژیا، بە بێ خۆشوشتن، بە بێ خواردنی ئامادەکراو. گەڕان وهاتوچۆی بەبێ دەنگی نەبوو، بەڵکو گاڵتەی بەو کەسانە دەکرد کە بەلایدا تێپەڕ دەبوون و فشەی بەوانە دەهات کە بەهێزن. خواردن، میزکردن و هەتا دەسپەڕکردن لەبەرچاوی خەڵکیدا دەکرد. خەڵکی بە کیۆن ناویان دەبرد، کە بە واتای (سەگێک کە دەوەڕێت) بدێت. خەڵکەکە مەبەستیان بێ ڕێزی کردن بوو، بەڵام سەگ هێماییەکی گونجاوە بۆ فەلسەفەکەی. ئەوان درووستکراوێکی دڵخۆشن، بە دوای پارە و ناوبانگەوە نین. دیۆگنیس و ژمارەی شوێن کەوتوانی بە "فەیلەسوفانی سەگ" یان کینیکۆی ناسران، لە کۆتاییدا ئەم ناوە بوو بە "سینیک"، واتا گاڵتەکەر. سینیکەکان دەستەیەکی بێباک بوون، وێنەی ژیانێکی ئازادیان بۆ خۆیان دەکێشا. کە ناوبانگی دیۆگنیس بڵاوبوویەوە، ئەوانی تر هەوڵیاندا بەرەنگاری بیرۆکەکەیان ببنەوە.

ئەلێکسەندەری مەزن بەڵێنی پێدا هەرچییەکی بوێت پێی ببەخشێت، دیۆگنیسیش لە جیاتی داواکردنی ماددە، داوای لە ئەلکسەندەر کرد کە بەر تیشکی خۆرەکە نەگرێت. دوای مردنی دیۆگنیس، لایەنگرانی فەلسەفەکەی بەردەوام بوون لەوەی بە خۆیان بڵێن سینیکەکان بۆ نزیکەی ۹۰۰ ساڵ، تاوەکو ساڵی ٥٠٠ ی زاینی. هەندێک فەیلەسوفی یۆنانی، وەک ستۆکس، پێیان وابوو کە پێویستە خەڵکی شوێن بیرۆکەی دیۆگنیس بکەون. هەروەها هەوڵیشیان دا فەلسەفەکە سادە بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر لای کۆمەڵگە پەسند بن، لە بنەڕەتدا، ئەمە بونیاتی فەلسەفەکەی گۆڕی. هەندێکی تر دەیانگوت فەلسەفەکە گونجاو نییە. لە ویلایەتی ڕۆمانی سوریا لە سەدەی دووەمی زاینی، لوشیانی گاڵتەجار، وەسفی سینەکەکانی سەردەمەکەی بە بێ مۆراڵ کرد و کەسانی مادیی خۆپەرست و دووڕوو، کە تەنها یەک جار بیرۆکەی دیۆجینییان جێبەجی نەکردووە.

چەند سەدەیەک دوای خوێندنەوەی دەقەکانی لویشان، نووسەرانی سەردەمی ڕۆشەنگەری، بە سینیکس بانگی دوژمنەکانیان دەکرد وەکو ئەو کەسانەی ڕەخنە لە خەڵکی دەگرن بێ ئەوەی شتێک هەبێت شایەنی ڕەخنە گرتن بێت. لەم دواییانەدا ئەم بەکارهێنانە بە وشەی "سینیک" ناسرا، واتە کەسێکە کە پێیوایە هەموو خەڵک بە پێی بەرژەوەندییەکانیان ڕەفتار دەکەن. تەنانەت ئەگەر پاڵنەری بەرزتر هاندەریان بێت. تا ئێستاش فەیلەسوفانی گاڵتەجاڕی شوێنکەوتوویان هەیە، بە تایبەت لە ناو ئەو کەسانەی کە هەوڵی پرسیارکردن دەرباری کۆمەڵگە دەدەن. لە سەدەی هەژدەدا، فەیلەسوفی فەڕەنسی جان جاک ڕۆسۆ نازناوی "دیۆگنیسی نوێ"ی پێبەخشرا کاتێک پێی وابوو هونەر و زانست و تەکنیک، خەڵک گەندەڵ دەکەن.

فریدریک نیچە لە ساڵی ١٨٨٢، دوبارە ئەو بەشەی چیرۆکەکەی گۆڕی کە کاتێک دیۆگنیس بە فانۆسێکەوە بۆ بازاڕی ئەسینا چوو، بۆ ئەوەی بە گاڵتەوە بە دوایی کەسێکی ڕاستگۆدا بگەڕێت. نیچە لە چیرۆکەکەدا دەڵێت کە کەسێکی شێت ڕایکردە گۆڕەپانی شار تا ڕایبگەیەنێت کە "خودا مردووە." ئەمە ڕێگەی بانگەشەی نیچە بوو بۆ "دووبارە هەڵسەنگاندنی بەهاکان،" و ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی مەسیح و ئەفلاتوون بۆ گەردوون و خەون، کە لە دەرەوەی جیهانی ئێمەن. نیچە سەرسام بوو بە کەلـلەڕەقی دیۆگنیس. لە ساڵی ١٩٦٠ــەکان، هیپییەکان دەرکەوتن کە بە دیۆگنیس بەراورد دەکران ئەوانیش دژی کلتوری زاڵ بوون. بیرۆکەکانی دیۆگنیس چەندین جار باسکران و خوێندنەوەیان بۆ کرا. لەوانەشە سینیکە ڕەسەنەکان بەم گۆڕانکارییە نوێیانە ڕازی نەبن: بڕوایان وابوو ڕەت کردنەوەی بیروباوەڕی ناو کۆمەڵگە و ژیانکردن لە نزیک سروشت تاکە بەهای ڕاستییە.

لەگەڵ هەرکام لەمانە هاوڕابیت، گرنگە بزانیت هەموویان یەک شتی هاوبەشییان هەیە: هەموویان گومان لە بارودۆخ و دەوروبەر دەکەن. ئەمەش نموونەیەکە دەتوانین شوێنی بکەوین: نەوەک کوێرانە بە دوای ڕاو بۆچوونە دووبارەکان یان ڕای زۆرینە بکەوین، بەڵکو دەبێت بە هێواشی بیر لە بەهای ڕاستەقینە بکەینەوە.

سەرچاوە: وێبسایتی تێد


ڕیکلام