بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، هێزەکانیان چوار تیرۆریستی داعشیان لە سنورەکانی سلێمانی و گەرمیان و رانیە دەستگیرکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەمیانی بەردەوامی بەدواداچوون و چاودێریکردنی جموجۆڵی تیرۆریستان و شەونخونی هێزەکانی دەزگای ئاسایش ، بۆ پاراستنی ئۆقرەیی و ئارامی ھەرێمی کوردستان، ئاسایشی گەرمیان زانیاری دەستکەوتووە لەسەر تاقمێکی تیرۆریستانی چەکداری داعش، کە هاتوونەتە چەند ناوچەیەکی گەرمیان و ھەرێمی کوردستان و خۆیان حەشارداوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش لێکۆڵینەوە و بەدەستھێنانی زانیاری، جموجۆڵی تیرۆریستان خراوەتە ژێرچاودێری و بەڵگەی تەواو کۆکراونەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای رەزامەندی دادوەر و بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ھەڵمەتی دەستگیرکردنی تیرۆریستان دەستیپێکردووە و ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیان، رۆژی ١٣/٧ ئەمساڵ لەناحیەی سەرقەڵا، تیرۆریست (ع، و)یان دەستگیرکرد، کە تەمەنی ٢٧ ساڵە کە بەپێی دانپێدانانیدا لەساڵی ٢٠١٤ەوە بەیعەتی بەداعش داوە و لەناوچەکانی عوزێم، سەڵاحەدین و حەویجە چەکداری داعش بووە و بەشداربووە لە ئەنجامدانی چەندین تاواندا.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەدرێژەی لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوونی بەردەوام، ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیان، بەھاوکاری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی رۆژی ١٧/٧ تیرۆریست (س، س)یان دەستگیرکردووە کە تەمەنی ٣٤ ساڵە و بەپێی دانپێدانانەکانی لە سەرەتای سەرھەڵدانی تیرۆریستانی داعش بەیعەتی پێداون و چەکداربووە لە کەتیبەی عەبدولڕەحمان بن رەبیعە و لەسنوری عوزێم ماوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیان، بەھاوکاری ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین لەسەر ھەمان بەڵگە و زانیاری، ھەمان رۆژ لە ئۆپراسیۆنێکی جیادا، لەسنوری رانیە تیرۆریست (غ، س) تەمەن ٤٧ ساڵیان دەستگیرکردووە، کەپەیوەندی بەھەمان تاقمی تیرۆریستەوە ھەبووە و وەک چەکداری داعش بەشداربووە لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی لەناوچەی عوزێم.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان راشیگەیاندووە، دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕترکراونەتەوە و زانیاری نوێ بەدەستهاتون و ھەر لەناحیەی سەرقەڵا، ئاسایشی گەرمیان، رۆژی ٢٠/٧ تیرۆریست (م، و)یان دەستگیرکردووە کە بەهەمان شێوە بەیعەتی بەداعش داوە و پێداویستی لۆجستی بۆ چەکدارانی داعش دابینکردووە و هاوکاریان بووە لەجموجۆڵ و جێبەجێکردنی مەرامەکانیان .
جەختی لەوەشکردووەتەوە، بەردەوام دەبن لەبەدواداچوون و چاودێریکردنی زیاتری ئارامی گەرمیان و دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی پیلانەکانی تیرۆریستان و شکستپێھێنانی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم.