نیویۆرک تایمز: ئابوری تورکیا هەرەس دەهێنێت

  2020-08-30  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا ئاشکرایکرد، تورکیا لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا دووچاری هەرەسهێنانی ئابوری قورس دەبێتەوە.

ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، نزمبوونەوەی بەهای لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلار، بەم نزیکانە دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی ئابوری وڵاتەکە لەماوەی کەمتر لەدوو ساڵدا، بەتایبەت لەکاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا بەشێوەیەکی فراوان لە تەشەنەکردندایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، جموجوڵەکانی تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا، کاریگەرییەکی نەرێنی هەبووە لەسەر هێزی ئابوری وڵاتەکە، بە تایبەت جموجوڵەکانی سوپای تورکیا لە دەریای ناوەڕاست لەدژی یۆنان و فەڕەنسا.

ڕۆژنامە ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی لێکدانەوەی چاودێرانی دۆخی تورکیا، تاقیکردنەوە و جموجوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەرپاکردنی ململانێ و هاندانی گیانی نەتەوەپەرستی، هەمووی لەپێناو بەلاڕێدابردن و لادانی سەرنجی هاوڵاتیانی تورکیایە لەسەر کێشە ئابورییەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دەسەڵاتی ئەردۆغان لەرزەی پێکەوت، کاتێک حزبەکەی حزبی داد وگەشەپێدانی دەسەڵاتدار، ئیدارەی  شارەوانی ئیستەنبوڵی لەدەستدا.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بازاڕی ئاڵۆگۆڕکردنی دراو لەتورکیا گۆڕانی لەپڕ و گەورەی بەسەردا دێت، چونکە لەئێستادا پەیوەندییەکی پتەوی هەیە لەگەڵ جموجوڵە سیاسیە گشتییەکان لەناوخۆیی تورکیا، بە تایبەت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لیرەی تورکی بەهاکەی زیاتر لەدەست دەدات لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا.