هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی كۆرۆنا لە دهۆك ئاشكرا دەكرێت

  2020-08-31  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی تەندروستی دهۆك هۆكاری زۆر جیاوازی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای لە شارەكە گەڕاندەوە بۆ كێشەیەكی تەكنیكی و دەڵێت لە ئێستادا زیاتر لە هەزار و 500 تووشبووی كۆرۆنا لە ماڵەكانیان چارەسەر وەردەگرن.

حەمزە رەزیكی، وتەبێژی تەندروستی دهۆك رایگەیاند: رۆژی 29 مانگ 41 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنامان تۆمار كرد بوو، بەڵام رۆژی30 مانگ 241 حاڵەتی نوێمان راگەیاند، ئەوەش هۆكارەكەی خەلەلێكی تەكنیكی بووە كە لە پشكنینەكانی رۆژی پێشتردا روویداوە كە بۆ دوێنێ ئەنجامی پشكنینەكان زیادیانكردبوو بەو هۆیەوە ژمارەی تووشبووان زیاد بوون. 

ئەو راشیگەیاند كە تەندروستی دهۆك لە قۆناغێكی دژواردایە، جگە لە نەخۆشخانەكان و هۆتێلەكان زیاتر لە هەزار و 500 تووشبوو هەیە كە لە ماڵەكانی خۆیاندا چاودێری دەكرێن و چارەسەر وەردەگرن. 

وتەبێژی تەندروستی دهۆك وتیشی، بۆ لەمەودوا ناچارین زیاتر نەخۆشخانەكان بۆ ئەو كەسانە بەكار بهێنین كە نەخۆشی دیكەی درێژخایەنیان هەیە یان دۆخیان مەترسیدارە، چونكە چیتر نابێت هەموو تووشبووان وەربگرێن. 

ئەو راشیگەیاند زیاتر لە 50 تووشبوو لە پارێزگاكە هەیە كە دۆخیان خراپە و لە نێویاندا 15 تووشبوو هەیە كە دۆخەكەیان جێی مەترسیە و بەشێكی زۆریان ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان لەسەرە. 
 


ڕیکلام