ناشتنى تەرم لە "ئەنتیگۆنا"وە بۆ کۆرۆنا

  2020-08-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەلید عومەر


تەرمى ئەو چوار سەرنشینە یەزیدییەى کە پێرێ لەسەر ڕێى دوکان-خەلەکان سوتان, باسێکى دێرینى فیکریى بیرخستینەوە کە ناشتنى مردووەکانە. بەتایبەت ئەو کاتەى کە تەرمە بەقەرەبرووتبووەکان بەشێوەیەکى ڕووت‌وڕەجاڵ و لەپشتى پیکابێکدا گەیەنرانەوە پزیشکى داد. ئەو وێنەیە خۆى شوێنێکى بەتاڵى هێشتبووەوە کە کەمێکى دەویست تەعبیرى لێ بکەین: سرووشت دڕندانە لەشەکان دەخات, و مرۆڤ بەشێوەیەکى بێ‌دیفاع تیادەمێنێت. بۆ ئەوەشى عادەتەن کاریگەریى ئەو دڕندەییەى سرووشت لەسەر بەشى ئینسان کەمکەینەوە, سیاسەت ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت. سیاسەتیش دایم لە فۆرمى بەشەکی و بچوکدا خۆى دەردەخات. ئەمبوڵانسێک, کە حزوورێکى بەشەکیى سیاسەتە لەوێدا, دەیتوانى کەمێک لەو کەلێنە زۆرەى نێوان سرووشت و شارستانیەت(یان ڕۆح) کەمکاتەوە. خاڵێکى هەستیارتر کە لێرەدا وندەبێت ئەوەیە, دواتر کە زانرا یەزیدیین, کۆى دیمەنەکە ئاسانتر قبوڵکرا و لە فەنتازیاماندا جێى خۆى گرت.

گەر بڕۆینەوە بۆ ڕۆژگارى دوورتر, و لاى ئوستوورە یۆنانییەکان, ئەوا تێماى سەرەتایى شانۆنامەى ئەنتیگۆناى سۆفۆکڵیس باسى ناشتنى تەرمە. ئەنتیگۆنا ناوى کچەکەى ئۆدیب پاشایە. پۆلۆنیکس و ئاتیۆکڵیس هەردووک برای ئەنتیگۆنەن و لە جەنگدا لەسەر دەسەڵات دەکوژرێن. بەڵام لەلایەن کریۆنى پاشاى مەملەکەتەوە بڕیار دەردەرچێت, ناشتنێکى شایستە بۆ ئاتیۆکلیس بکرێت, و لاشەى پۆلۆنیکسیش لە دەرودەشت فڕێدرێت و لێگەڕێن داڵ و جڕوجانەوەر بیخۆن. بەڵام ئەنتیگۆنە ئەمەى پێ قبوڵناکرێت و یاخیدەبێت. ئامادەیە هەر باجێک بدات, تەنیا لەپێناوى ئەوەى مەراسیمێکى شیاو بۆ براکەى ڕێکخات و لە گۆڕێکى پاک‌وپوختەى بنێت. بێنەوبەردەى نێو شانۆنامەکە زۆرن و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دەقەکە(کە خەبات عارف کردوویەتییە کوردى). ئاشکراشە ئەنتیگۆنا زۆرى لەسەر نوسراوە, ئیدى لە ئاستى ناوە گەورەکانى وەک هیگڵ و لاکانەوە تا کتێبەکەى جۆدێت باتلەر. ئەوەى مەبەستمە بیڵێم, ئەوەیە کە لە ئەنتیگۆنادا هێشتا ململانێى ناشتنێکى ئینسانى و شایستە, ململانێیەکە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا, لەنێوان ئەنتیگۆنا و پاشادا, لەنێوان هاوڵاتییەک و سەرکردەیەکى سیاسییدا. بەڵام لە کۆرۆنا مرۆڤایەتى پێى خستە ناو چەشنێکى تایبەت لە ناشتن کە حەکایەتەکەى ئەنتیگۆنا تێدەپەڕێنێت. چۆن؟

لە کۆرۆنا دەبێت مردوەکان ببرێن بۆ چاڵێکى دوور, زەوییەکى نەفرەتلێکراو. واتە دەبێت دوورخرێنەوە بۆ دەرەوەى گۆڕستانیش. گۆڕستان خۆى هێماى ناشتنە شایستەکانە, شوێنێکە کەلتور دایناوە تاکو ناوەکانى خۆى تیا تۆماربکات و چیرۆکە ڕەمزییەکەیان لە بن گڵکۆیەکدا جێگیربکات. لە کۆرۆنادا, ئێمە پاشایەک بەرامبەرمان نەوەستاوە ململانێى لەگەڵ بکەینو بەڵکو ئەوەى هەیە سرووشتە لە ئاستە زبرەکەیدا. بۆیە نازانین ڕووبەڕووى کێ ببینەوە, ئەمەش ڕیشەى ئەو هەستە توڕەیی و شاراوەیەیە کە کەسوکارى مردووەکان دادەگرێت و تەنانەت نەخۆشەکانیش بەر هەستێکى نەفیکردنى هێجگار سەخت دەکەون. گەر ململانێکە لەگەڵ پاشایەکدا بووایە, ئاسانتر بوو, چونکە پنتێکى دژ هەبوو تووڕەیى خۆمانى تیا بەتاڵکەینەوە. لە کۆرۆنادا, سرووشت پێى خۆى دەخاتە نێو شارستانیەتەوە, حزوورە مادییەکەى خۆى لە شێوەى فڕێدانى تەرمەکاندا بەرجەستەدەکات. تەرمى مردووەکان دەخرێتەوە ناو سرووشت لە مانا دڕەکەیدا, نەک ئەوەى سەر بە هەرێمى مردووەکان و قەبرە شایستەکان بێت. قەبر, هێشتا سەر بە هەرێمى شارستانیەتە, هەرێمى ڕۆح. بەڵام چاڵى مردووەکانى کۆرۆنا, خستنەوەى تەرمەکانە بۆ نێو قەپاڵى سرووشت, ئەو سرووشتەى کە نەڕەمزێنراوە. وێنەى نێژەرەکانیش پتر لە فریشتەکانى مەرگەوە نزیکن تا ئینسانێک.

لە کتێبێى "ئۆبێکتى باڵا"دا هاتووە کە: ئێمە دەمرین, سرووشت دەمانمرێنێت, بەڵام ناشتنى تەرمەکانمان وەڵامێکە بۆ سرووشت کە ئێمە گەرچى ناتوانین نەمرین بەڵام خۆ دەتوانین مردووەکانمان لە دژەوەڵامێکى کەلتورییدا بنێژین و سرووشت تووشى دووجابوونەوە بکەین. ئەمەش ئەو وانەیەیە کە فێرماندەکات, سیاسەت مادام بەشێکە لە شارستانیەت, ئەوا دەبێت هەردەم نەک هەر ڕێز لە زیندووەکان, بەڵکو ڕێز لە ساتى ڕۆیشتنیشیان بگرێت.


ڕیکلام