سادیەت لە هەناوی فاشیزمدا

  2020-08-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (سالۆ)ی پازۆلینی
سەفین قانع 

پازۆلینی ساڵی ١٩٢٢ لە بۆلۆگنای ئیتاڵیا لە دایک بووە و لە نەوەی دووەمی سینەمای پاش جەنگی ئیتاڵیایە و بە پێشەنگی ڕیالیزمی نوێی سینەمای ئیتاڵی ناسراوە، پازۆلینی جگەلە سینەماکارێک و دەرھێنەرێک  وەک شاعیر و ئەکتەر و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری ئەدەبی و سینەمایی و کلتووریی و ڕۆژنامەنووس و فەیلەسوف و سیاسی ناسراوە، دەوترێت یاخود چەند بۆچوونێک ھەیە کە پازۆلینی و سینەمای پازۆلینی پێکھاتەیەکە لە وەرگرتن و میسۆڵۆجیا و سایکۆڵۆجیا و دیالیکتێکی مارکسی، واتە لە ژێر ڕۆشنایی و کاریگەری  میسۆدە فیکری و فەلسەفییەکانی مارکسدا کاری کردووە، پازۆلینی بەھرەمەندێکی گرنکی سەردەمی خۆی بووە و لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە شیعری نووسیوە، بە (ئارسەر ڕامبۆ)ی فەرەنسی سەرسام بووە، گرنگترین فیلمی پازۆلینی فیلمی "سالۆ" یان "سەدو بیست ڕۆژ لە سدوم"ە کە لە تێکستێکی پڕ لە شەھوەت و لادان و یاخی بوونی (مارکیز دیساد)ی فەرەنسی وەرگیراوە، دیساد لە ساڵی ١٧٤٠ ژیاوە، یەکێکە لە ڕۆماننووس و ئاشوبگێڕە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی فەرەنسا لە نێوان ئارەزووی بۆ "ساد و ماسۆخیزم" دا تێکستەکانی خۆی نووسیوە، لەسەر ئارەزووە سێکسییەکانی چ وەک نووسین و چ لە ژیانی واقیعی خۆیدا، بەشێکی زۆری ژیانی لە زیندانی (باستیل)  بەسەر بردووە و ھەرلەوێشەوە کتێبەکانی دەنووسێت و دەیانێرێتە دەرەوە بە قاچاغ چاپدەکرێن، تا ئەم ساڵانەی دوایش یەکێک بوون لە کتێبە قەدەغە کراوەکانی دونیا، دواجار وەک بنچینەی چەمکێکی گرنگی دەروونشیکاری (فرۆید) بەناوی "سادیزم" دەناسرێت.

پازۆلینی  بە سوودوەرگرتن لە بەرھەمە حەرامشکێن و یاخییەکانی (مارکیز دیساد) فیلمی سالۆ دروست ئەکات ، ھەرچەندە بەشێکی زۆری ڕەخنەگرانی سینەما پێیان وایە دنیای پازۆلینی وەک مارکسیستێکی چەپگەرا جیاوازە لەو دنیا سادیستی و حەرام شکێنەی (مارکیز دیساد) ، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھەموو ئەو بۆچوونانە ئەوە ناشارنەوە کە پازۆلینی وەک (ھۆمۆسێکسواڵێکی) ھاوڕەگەز بازێکی لادەر بەشێکی زۆری ژیانی لەبەردەم ھەرەشەی فاشیزم و کۆمەڵگادا بووە لەبەر بیرو بۆچوونە یاخی و ئارەزووە جیاوازەکانی  لە ڕووی دونیابینی و ویست و کردارەکانییەوە، دواجار بە کوشتنی خۆی کۆتایی دێت .

پازۆلینی بۆ دروستکردنی فیلمی سالۆ  سوود لە چەند بەرھەمێکی دیکەی ئەدەبی وەردەگرێت گرنگترینیان کتێبی (جینۆلۆجیای ئەخلاق )ی (نیتچە)ی ئەڵمانییە، لێرەدا پازۆلینی دەگەڕێتەوە بۆ بنەما ئەخلاقییەکان  بەتایبەت ئەو بەشەی باس لە ئەخلاقی ڕاستەقینەو لادان لە ئەخلاق و کۆیلەی ئەخلاقی دەکات، بەڵام ئەوەی گرنگە دەربارەی فیلمی سالۆ بگوترێت بە شێوەیەکی گشتی ڕەخنەگرتن و پیشاندانی ئەو ئارەزووە ئاژەڵی و چەپێنراوەیە کە لە ڕۆحی دەستەڵاتی فاشیزمی ئیتاڵیادا شاراوە بووەوە، لە کۆشکێکدا لە چوار بازنەدا بە شێوەی دەرکەوتنی  ئارەزوو ھەوەسی دڕندانە لەسەر جەستەی ئەوانی دیکە پیادە ئەکرێت و گرێی (دین و دەسەڵات و سەرمایەداری و عەدالەت ) لەسەر جەستەی چەند کوڕ و کچێکی لاو خاڵی دەبێتەوە، مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزووە ئاژەڵی و بەربەریە ھەرە سەرەتاکەی و ھەموو ئەوانیتر وەک قوربانی تووند وتیژی سێکسی دەردەکەون کە تا ئاستی مردن درێژ دەبێتەوە .

 فیلمی سالۆ ھەر لە سەرەتاوە ھەڵگری کۆمەڵێک دیمەنی ترسناک و ئازاراوییە کە لەلایەن سەرانی فاشیزمەوە پیادە دەکرێت و ئەو دەستەڵاتەش بەسەر چوار پێگەی جیاوازدا دابەش بووە کە ڕۆح و ئەخلاقییەت و بیری فاشیزم بەرجەستە دەکات، کە لەم چوار خاڵەدا ڕوونتری دەکەینەوە.

یەکەم : (قەشە) وەک ھێمای  دەستەڵاتی دین و دەسەڵاتە ڕۆحییەکان و لاھوت بەگشتی، کە ھەر لەسەرەتاوە مرۆڤ دەکەوێتە ناو چوارچێوەیەکی بیری ئایدیالیزم و بە ھەموو ئەو شتانەی لە مێتافیزیکدا ھەیە مەحکوم دەبێت.
دووەم: (سەرۆک کۆمار) ئەمەش وێنە و ھێمای دەستەڵاتی سەرۆک و بەڕێوەبەر و دامەزراوەکان ، بێگومان لە چوارچێوەی دەستەلاتی فاشیزمدا .

سێیەم: (دادوەر) وەک ھێمای ھەڵسەنگاندن و بڕیاردان. 

چوارەم: (سەرمایەدار) بەھەمان شێوە ھێمای دەستەڵاتێکی مەزنە تەنانەت بەسەر ھەموو دەسەڵاتەکانی تریشەوە .

ئەمانە ھەمووی بەڕێوەبەری ئەو شانۆ توند و تیژییە ڕۆحی و جەستەییەن کە لەسەر جەستە و ڕۆحی قوربانییەکان پراکتیزە دەکرێت، بە ھاوکاری چوار ژنی سۆزانی ناو سەرانی دەستەڵاتی فاشیزم، کە بەشدارن لە ڕێکخستن و بەرەوپێشبردن و ئامادەکردنی شانۆی ئازاری قوربانیان، لەبەرامبەر چێژی سادیزمی سەرانی فاشیزم، ئەمە لە ڕووداوی بەشی یەکەمی فیلمەکەدا ڕوودەدات کە وەک  داڕشتنی چیرۆک و سکریپتەکە دەکەوێتە ناو چەند پارادایمێکی بازنەیی لەڕووی (نەرەیشن) گێڕانەوەوە کە خۆی لەم بازنانەدا دەبینێتەوە: 

ا: (بازنەی شەھوەت) لێرەوە تەواوی شەھوەت و ئارەزووە سێکسیەکان دەردەکەون لێرەدا ئەمەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو میسۆدە فەلسەفی و دەرونشیکارییەی (ژاک لاکان) کە پێی وایە مرۆڤ ھیچ شتێک نایگەیەنێتە خاڵی بەتاڵبوونەوە یاخود ئۆرگازمی ئەبەدی تا لە گرێ دەروونییەکانی ڕزگاری ببێت، سێکس بەشێکە لەو بەتاڵبوونەوەیە، ئۆرگازم دەتوانێت چێژە ئەبەدییەکە ببینێت و ھەستی پێبکات، بەڵام ھەرگیز نایگرێت، ئەویش وەک ھەر شتێکی دیکەی دەروونی ئێستاییە و جارێکیتر خواستی دەچێتەوەسەر، بۆیە لاکان باوەڕی وایە بە تەنیا "مردن" ئەتوانێت بگاتە ئۆرگازمی ئەبەدی و خاڵی بەتاڵبوونەوەی مرۆڤ  لەوێدا ھەستی پێئەکرێ، ھەندێک بۆچوون ئەوەش پشتڕاست ئەکەنەوە لە ڕووی فیسیۆلۆجییەوە، دەڵێن: مرۆڤ بەھەر ھۆکارێک بمرێت دەگاتە خاڵی بەتاڵبوونەوە واتە "ڕەحەت "دەبێت و دەگاتە ئۆرگازمی ئەبەدی.

ب: (بازنەی پیسایی) ئەمە ڕووداوەکانی بەشی دووەمی فیلمەکەیە و قوربانییەکان ناچار دەکرێن بە خواردنی پیسایی خۆیان و یاریکردن پێیان و دەرکردنی مرۆڤ لە فۆڕم و ڕەچەڵەکەکەی خۆی  و لەملکردنی زنجیر و بەستنەوەیان وەکو سەگ و پاشان چێژوەرگرتنی سەرانی فاشیزم بە سەیرکردنی دیمەنەکان .

لێرەدایە سەرنجمان دەڕوات بۆ ئەو بەدگۆڕانەی (فرانس کافکا) لە کتێَبە شۆڕشئامێزەکەی لەناو دنیای ئەدەبیات و نووسینی ڕۆماندا"بەدگۆڕان" کە ئەگەر بێت و بمانەوێت بەراوردێکی کورت بکەین لە نێوان گۆڕانی کاراکتەرەکانی ناو فیلمی (سالۆ) و (بەدگۆڕان) لای کافکا لە ڕاستیدا دەبینین پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکەی کافکا کاتێک گۆڕانی بەسەردا دێت تەنیا لە فۆرم و شێوەدا دەتوانین بیبینین، ئەمەش جۆرێک بوو لە تەکنیک و واتای نوێ کە لەسەردەمی خۆیدا کافکا ھێنایە ئاراوە، بەڵام گۆڕان لای پازۆلینی گۆڕانێکی ناخودئاگایەو بە بێویست ڕەسەنایەتی و سیفەتەکانی مرۆڤ دادەماڵێ و لەڕێگەی بیری سادیزمەوە وەزیفەیەکی دیکە دەبەخشێت بەکاراکتەرەکانی دیکە .

ج: (بازنەی خوێن)  ئەمەش ڕووداوەکانی بەشی سێیەم و کۆتایی فیلمەکەیە و لاوەکانە بەڕووتی دەکەونە بەردەم ئازاری سێکسی و جەستەییەوە و دەستدرێژی بۆ سەر تەواوی ژیانیان، دواجار بە کوشتنیان سەرانی فاشیزم دەگەنە ئەوجی سەما و خۆشی و مەستبوون، بە خۆکوشتنی ئەو ژنە مۆسیقارەی ھەمیشە دەیەوێت دیمەنەکان ڕۆمانسی بکات و تام و لەزەتێکی دیکە بدات بە نمایشەکان کۆتایی بە شانۆی ئازارەکان دێت .

فیلمی (سالۆ) لەناوەڕۆک و قووڵایدا بونیادشکێنە و نیشانەی بەھرەمەندی و ئازایەتی دەرھێنەرەکەیەتی کە دواجار بەھۆی پلانێکەوە تیرۆردەکرێت، گیانی خۆی لە پێناو بیرو بۆچوونە مرۆیی و فیکری و فەلسەفییەکانییەوە  دادەنێت، ئامانجی پازۆلینی نیشاندانی ڕەفتاری سادیستی ئەو مرۆڤانەیە کە ڕەگ و ڕیشەی سەرکوت و چەپاندن و خۆ بەکەم زانینی سەردەمی منداڵییان لە ناو خێزان و کۆمەڵگادایە .

ئەگەریش دیوێکی ئەو فیلمە پیشاندانی مێژووی ئازار و سادیزمی دەسەڵات بێت لەسەر جەستە، ئەوا بەدیوێکی تردا دەسەڵاتی مۆدێرن خاڵی نییە لە نارسیزمی سادیستی و بچوککردنەوەی کەسەکانیتر بە شێوازی جیاو ڕێگای جیاوازتر، ئەوەی کە ئێستا باسمان کرد سەرەتایەک یاخود خوێدنەوەیەکی کەمی فیکرییە لە بارەی فیلمی سالۆ دەکرێت زۆر لایەن و شوێنی وەک ( سیناریۆ – دەرھێنان – ھێما –تەکنیک–لایتین – کامێرا – ئاکتین – ساوند- دیکۆر – دیزاین – بەرھەمھێنان ) قسەیان لە بارەوە بکرێت، ئەوەشی تاکو ئێستا جێگەی سەرنجە ئەم فیلمە لە دونیای سینەما و ئەدەبیشدا کار و کتێب و وتاری زۆری دەربارە نووسراوە و و ڕاو بۆچوونی جیاواز لەسەری ھەیە. 


ڕیکلام