دهۆک.. نزیکەی 2000 تووشبووی کۆرۆنا لەماڵەوە چارەسەر دەکرێن

  2020-08-31  | 
دهۆک
لە دهۆک نزیکەی دوو هەزار توشبووی کۆرۆنا لەماڵەوە چارەسەر دەکرێن
ئەرشیڤ
 مازن شنگالی
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و پڕبوونی نەخۆشخانەکانی دهۆک، نزیکەی دوو هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەو پارێزگایە لەماڵەوە چارەسەر دەکرێن.

حەمزە ڕەزیکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە لێدوانێکدا بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، ئەگەرچی سێ نەخۆشخانەی تایبەت بەکۆرۆنا و بەشێک لە نەخۆشخانەی ئازادیش تەرخانکراوە بۆ وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا، بەڵام لەئیستادا بەهۆی زۆری حاڵەتەکان، تەنها دەتوانین ئەو کەسانە وەربگرین کە بەتوندی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و پێویستیان بە ئۆکسجین و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دەبێت .

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و پڕبوونی نەخۆشخانەکانی دهۆک، لەئێستادا نزیکەی دوو هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەماڵەوە چارەسەر دەکرێن.

لەبارەی باری تەندروستی توشبووەکانیشەوە، وتەبێژی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، لەئێستادا زیاتر لە ٥٠ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان باری تەندروستییان ناجێگیرە، لەوانەش ١٥ کەسیان پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە .

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لەماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٨٤ حالەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسنوری پارێزگای دهۆک تۆمارکراون و تاوەکو ئێستاش کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگاکە گەیشتووەتە چوار هەزار و ١٣٧ تووشبوو، لەو ژمارەیەش ٤٩ کەسیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.




ڕیکلام