ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك شەش بەڕێوەبەری نوێی دیاریكرد

  2020-09-01  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك كۆبوونەوەی ژمارە 106ی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا شەش بەڕێوەبەری نوێ بۆ شارەكە دیاریدەكات سەرجەم كاندیدەكانیش پارتین.

هۆشیار گولی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئەو بەڕێوەبەرانەی ئەمڕۆ هەڵدەبژێردرێن هەریەكە لە بەڕێوەبەری رۆشنبیری، كشتوكاڵ، كارەبا، ئەوقاف و تەندروستی و گەشتوگوزار دەنگیان لەسەردەدرێت. 

ئەو وتیشی بە نوسراوی فەرمی ناوی كاندیدەكان رادەستی ئەنجوومەن كراون و سەرجەم ئەو پۆستانە پشكی پارتیە، لەلایەن پارتیەوە كاندیدەكانیان دیاریكراوە. 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی، بە گوێرەی كارنامەی حكومەت بەهۆی ئەوەی ماوەی ئەو بەڕێوەبەرانە چوار ساڵیان بەسەردا تێپەڕیوە دەبێت گۆڕانكاریان تێدا بكرێت، گۆڕانكاریەكان لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت. 

ئاشكرایكرد یەكێك لەو كاندیدانەی كە ئەمڕۆ دەنگی لەسەردەدرێت، لە پێكهاتەی ئاینی ئێزدیە، و بۆ هەر پۆستێك یەك كاندید هەیە، بە شێوەیەكی فەرمی داواشمان لە فراكسیۆنەكانی دیكە كردووە دەنگ بدەن بەو كاندیدانە هەرچەندە فراكسیۆنەكەشمان زۆرینەیە ئەگەر بمانەوێت دەتوانین بە زۆرینە تێپەڕی بكەین بەڵام وەك رێزگرتنێك لەو فراكسیۆنانەی دیكە داوامان كردووە. 


ڕیکلام