ئەو 24 پەرلەمانتارەی داخوازیان بۆ بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كردبوو جارێكی دیكە سبەینێ چوارشەممە یاداشتەكەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەنەوە.
رووپاك ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند بەهۆی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران هەریەكە لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بانگهێشت دەكەن بە مەبەستی پرساندن.
ئەو روونیكردەوە بە ڕێكاری پەرلەمانی بەهۆی ئەوەی ئەوان لە پەرلەمان متمانەیان وەرگرتووە دەبێت بیچنە پەرلەمان و بەشداری بكەن لە پرساندنەكاندا.
ئەوەشی ئاشكرا كرد دوای رەتكردنەوەی یاداشتی 24 پەرلەمانتارەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە ئەوان جارێكی دیكە یاداشتەكە ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن و دەڵێن لە بەر ئەوەی داخوازیەكەیان یاساییە دەبێت جێبەجشێش بكرێت.
رووپاك ئەحمەد وتیشی: سبەینی چوار شەممە یاداشتەكە دەدەنەوە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەریەكە لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بەجیا بانگهێشتی پەرلەمان دەكەن لەبەر ئەوەی پێشتر چەندینجار پرسیاریان ئاراستەكراوە و وەڵامیان نەبووە.