ئەن بۆگارت : مرۆڤایەتی پێویستی بە چ مانایەکە؟

  2020-09-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینی: پۆڵی ئیرڤین

بەشی یەکەم
وەرگێڕانی: فاتیح فرومەند


من لە خێزانێکی سەربازییدا گەورە بووم، هەر ساڵە و دەبووایه‌ لە خوێندنگەیەکی نوێ ناوم بنووسیبایە و  لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری نامۆ و نەناسدا رووبه‌روو ببوومایەته‌وه‌، پاش ماوەیەک هەستم کرد لە هەر خوێندنگەیەک شوێنێک تایبەت هەیە بۆ نمایش کردنی شانۆ، هۆڵی شانۆ جێگەیەک بوو کە من دەمتوانی حەز و خۆشەویستی خۆمی تێدا بدۆزمەوە، بەڵام بە داخەوە بە هۆی کۆچکردنی هەر ساڵەی خێزانەکەمان ئەم خۆشییە تەمەنێکی درێژی نەدەخایاند، لە ژیاندا هەموو شتێک کورت بوو، بەڵام لە گەنجێتیمدا بەرەو شانۆ کەمەندەکێشبووم و تووانیم باوەڕی پێبهێنم.  

من هەرگیز نواندنم نەدەکرد و هەموو کات لە دەرەوەی تەختەی شانۆ ئامادەبووم، ئەم بابەتە بەردەوام بوو تاکو ئەو کاتەی تەمەنم گەیشتە ١٥ ساڵ و یەکەم شانۆی پڕۆفێشناڵم لە ژیانمدا بیینی، ئه‌وه‌ی بینیم، شانۆگەری "مەکبێس" بوو لە دەرهێنانی "ئادریەن هاڵ"(Adrain Hall). ئەم شانۆگەرییە ئاستێکی وا بەهێز و کاریگەری هه‌بوو، کە بڕیارمدا پیشەی "دەرهێنان" بۆ تەواوی ژیانم هەڵبژێرم.

سەرەنجام رێگای ژیانی خۆم دۆزییەوە، بەهۆی ئەوەی کە زۆر لە ژێر کاریگەری "پیتێر ئێشتاین" و گروپەکەیدا بووم، چووم بۆ ئاڵمانیا و خۆم وەک کەسێکی ئاڵمانی نیشاندا، بەڵام پاش چەند تاقیکردنەوە و ئەزموونێكی بێ بەها دەرکم بەوە کرد کە من ناتوانم ئاڵمانی بم، چونکە لە راستیدا من خەڵکی ئەمریکا بووم، کەسێک کە گاڵتەچی و پێكهاته‌ی فیکری و ریتم و خوویەکی ئەمریکی هەیە، نابێت لەوەی کە ئاوایه‌ شەرم بکات.

لە ماوه‌ی ٢٠ ساڵی رابردوودا گەڕاوم بەدووای ئەوەی کە سەرچاوەکانی شارستانییەتی ئەمریکا لە کوێیە و بوونه‌ هونەرمەندێکی ئەمریکی چ مانایەکی هەیە؟ ئەمریکییەکان وا بیر دەکەنه‌وه‌ کە لە مێژوو بێبەشن، بەڵام لە راستیدا ئێمە مێژوویەکی زۆر بەهێزمان هەیە، کە زۆر بە پێچ و پەنایە و  دەکرێت  لە دوو روانگەی باش و خراپەوە ئەم ئاڵۆزی و گرژییە هەڵسەنگێنیت، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە هەمیشە بووەتە سەرچاوەیه‌كی سەرەکی ئیلهامبەخش لە مندا.

پێشتر بۆ هەر شانۆگەرییەک دوو ساڵ بیرم دەکردەوە، هەموو شتێک لەوەوپێش دابینکرابوو، لە کۆتاییدا دەرەنجام یەکسان بوو لە گتوێژێکدا، لە کاتی خوێندنەوەی وتارێک، یان لە کاتی دانیشتن لە پاسێکدا... کتوپڕ شتێک دەهات بە مێشکمدا، شتێک کە دەیهەژاندم، بابەت یان پرسیارێک داوای بەربەرەکانی و ململانێی لێ دەکردم، پرسیارێک کە مێشکی بەرەو خۆی رادەکێشام، ئەم پرسیارە لە ماوەی پڕۆژەی شانۆیی،- شانۆنامەیەک کە دەینووسم یان شانۆنامەیەک کە نووسەرێکی بۆ دادەمەزرێنم– بەردەوام هەیە و لە رێگای ئەم پرسیارەوه‌ لێکۆڵینەوەکانم بەردەوام دەبن. بۆنموونە چەند ساڵ لەمەوبەر، گۆڤاری "نییویۆڕک تایمز" وێنەیەکی فیزیکناسی بەناوبانگ(ستیڤن هۆکیگ) ی دانابوو کە وتارێکی ئەویشی سەبارەت بە فیزیکی مۆدێڕن لەگەڵدابوو، لەم وتارەدا نووسرابوو لە دونیای ئەمڕۆدا فیزیکی (ناوه‌کی و فه‌له‌كی) وا گرنگ بووه‌ کە پێویستە هەر تاکێکی کۆمەڵگا سەبارەت بەم بابەتانە زانیاری هەبێت، چونکە خویندنەوەی فیزیک، دەبێتە هۆی گۆڕینی روانگەی مرۆڤەکان، ئەم بابەتەم وەک ئەنگێزەیەک بەکارهێنا، چونکە کاریگەریەکی قووڵی لەسەرم هه‌بوو، هەر بۆیە زۆرینەی کتێبە سەرەتاییەکانی فیزیکم کڕی، بەڵام تێگەیشتنی ئەم کتێبانە بۆ من زۆر سەخت بوو، زۆر جار ساتێک کە خەریکبوو هاوكێشه‌یه‌کی فیزیکیم چارەسەر دەکرد، لە پڕدا مێشکم بەتاڵ دەبوو، وا هات بە خەیاڵمدا کە کتێبەکان لە سەر شریتێک تۆماربکەم تاکو لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەمدا چەندەها جار گوێی لێبگرمەوە بە دەمیەوە سەیری سروشت بکەم، بەشێک لە هەستم لای شریتەکە بوو و بەشەکەی تریش لە لای کەشی دەرەوە، پاش ماوەیەک کتووپڕ شتێک هات بە مێشکمدا، سەرەنجام تێگەیشتم! من توانیم یاسای "گومان"ی و تیۆری "رێژەیی بوون" ی "ئالبێرت ئاینشتاین" فێربم، ئەم رووداوە زۆر لە "بەڵگەی داپۆشراوی" تایبەت بە فیزیکزانان دەچوو، فیزیکزانان دەڵێن: کاتێک زۆر تەرکیز بخەیتە سەر کێشەیەک، وەڵامی ئەم ئاڵۆزییە خۆی لە تۆ دەشارێتەوە، بەڵام کاتێک مێشکت هێور و ئاسوودە راگریت، وەڵامەکە زۆر بە ئاسانی خۆی دەردەخات، پاش ئەم رووداوە هەمان شت کە لە وتارەکە نووسرابوو بەسەر مندا هات، تێروانینی من بۆ ژیان گۆڕدرا، جۆری بیرکردنەوەم سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و ژیان، جوڵەی سەر شانۆ و هتد... بە تەواوی گۆڕدرا، ئەم گۆڕانکارییە بە هۆی تێگەیشتن و دەرککردن بەم مانا شاراوانەوه‌ بوو، کە لە ناو فیزیکی ناوکی و ئەستێرەکاندا هەیە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە ئایا من دەتوانم ئەم ئەزمونانە بە بینەر بگەیێنم؟ باشتر وایە پرسیارەکەم بەم جۆرە بڵێم؛ چۆن دەتوانم کەشێک بۆ بینەر دروست بکەم کە تێیدا بینەر گوێ لەم تیۆرییانە بگرێت و تەرکیزیان بخاتە سەر.

بڕیارمدا دەقێک هەڵبژێرم کە بە جۆرێک  باس لە یاساکانی فیزیک بکات؛ شانۆنامەی " کێ لە ڤێرجینا ۆڵف دەترسێت" لە نووسینی "ئێدوارد ئاڵبی" کە هەموو کەس بە باشی دەیناسێت.

لایەنی کەم ٢٠٠ لاپەڕەم لە کتێب و تیۆرییەکانی فیزیک هەڵبژارد و دامە دەست ئەکتەرەکان، لە کاتی پڕۆڤەی ئەم دەقە هاوکات دەربارەی ئەم تیۆرییانەش گفتوگۆمان دەکرد، پاش ئەوەی کە شانۆنامەکە ئامادەکرا بۆ نمایش، بڕیارماندا هەموو دیالۆگەکانی ئەم دەقە لابەریین و بە جێی ئەمان چەند بەشێک لە تیۆری فیزیک لە ناو ئەم ٢٠٠ لاپەڕەیە دابنێین، ئەم دێرە تیۆرییانە دەبووایە لەگەڵ ریتم و قەبارەی دیالۆگەکان هاوتا بووایە.


ڕیکلام