عەمار حەکیم مەرجی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی ئاشکرا کرد

  2020-09-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەمار حەکیم دوای دیدارێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرجی باشبوون و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری بەستەوە بە بوونی ئیرادەی سیاسی و دەستبەردار بوونی بەرامبەر لەپێناو گەیشتن بە چارەسەر.

عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقیوون لە بەیاننامەکدا کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆیانکردووە دەربارەی بایەخی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە میانڕەوەکان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتیمانی عێراقیدا لە باکورەوە تا باشور، لەژێر چەتری باوەڕبوون بە دەوڵەتی بەهێز.

دەربارەی چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم حەکیم ڕایگەیاند "داوای چارەسەرێکی مێژوویی دەکەین لەنێوان بەغدا و هەولێر لەمیانی قازانج و دەستکەوت بۆ هەموان و دەستبەرداربوونی هەموان بۆ بەرژەوەندییەکانی عێراق، بە مەرجی بوونی ئیرادەیەکی سیاسی و دەستبەرداربوونی هاوبەش لەنێوان هەردوولا، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕێشەیی لەژێر چەتری یاسا و دەستوردا".

لە بەرامبەریشدا بەگوێرەی بەیاننامەکە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە "کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و ڕاستەقینە هەیە، لەڕوانگەی ئەوەی دەبێت هەموو لایەک ئیرادەی سیاسی چارەسەری هەبێت".

بارزانی جەختیکردووەتەوە لەوەی، قەیرانی داعش دەریخست هەولێر بایەخ بەهەموو ئەو بابەتانە دەدات کە لەبەغدا ڕوودەدەن، ئەوەش وایکرد پاڵ بەهەندێک کەسەوە بنێت ئەو بیرۆکەیە تێپەڕێنن کە دەگوترا هەولێر بایەخ نادات بەوەی لەبەغدا ڕوودەدات.

لەڕوەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هەر هەڕەشەیەک هەبێت بۆسەر بەغدا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی شارەکانی هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتەکەی کازمی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، گرنگە سود لەو کۆمەکە نێودەوڵەتییە وەربگیرێت کە بۆ بەغدا لەئارادایە.

هەردوولاش جەختیانکردەوە لە یەکلاییکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و یاسای  دادگای فیدراڵی لەعێراق، بەوپێیەی دوو بنەمای سەرەکی هەڵبژاردنەکانی داهاتوون، چونکە یەکەمیان ئالیەتی هەڵبژاردنەکانە و دووەمیشیان پەسەندکردنی یاساییانەی هەڵبژاردنەکەیە.

بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ئەمڕۆ نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردوو، دواتریش لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوە حکومی و سیاسییەکانی عێراق کۆبۆوە.



ڕیکلام