تەندروستی دهۆک: 103 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە

  2020-09-02  | 
دهۆک
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، ١٠٣ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و بەوەش کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە گەیشتووەتە هەزار و ٧٤٠ کەس .

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی٩ی٢٠٢٠، ١٠٣ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ ئەو ١٠٣ تووشبووە کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و دواتر بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە .

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک راشیگەیاند، بە چاکبوونەوەی ئەو ژمارەیە، کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە هەزار و ٧٤٠ کەس و لە ئێستادا ٢ هەزار و ٨٣٥ تووشبوو لە نەخۆشخانە ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان .

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٩ هەزار و ٩٢٦ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و ١٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨ هەزار و ٩٦٩ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام