تەندروستی سلێمانی: چوار تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

  2020-09-02  | 
بەخاکسپاردنی تەرمی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چوار تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی٩ی٢٠٢٠، ٣٤ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و چوار کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە .

روونیشیکردووەتەوە، نەخۆشخانەی ئاسا سێ تووشبوو، نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ دوو تووشبوو، نەخۆشخانەی شەهید هێمن ١٩ تووشبوو و نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ ١٠ تووشبووی کۆرۆنایان وەرگرتووە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ چوار تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، ٢٧ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا ١٩٦ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان .

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٩ هەزار و ٩٢٦ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و ١٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨ هەزار و ٩٦٩ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.