ماکرۆن: عێراق ڕازی بووە لەسەر سوککردنی سزای جیهادییە فەڕەنسییەکان

  2020-09-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ئاشکرایکرد، دەسەڵاتدارانی عێراق ڕازی بوون لەسەر سوککردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو تیرۆریستە فەڕەنسیانەی کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە.

ماکرۆن بەر لەجێهێشتنی بەغدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند "بابەتەکان ڕوونن سەبارەت بەو تیرۆیستە فەرەنسیانەی کە هێشتا هەمان ستراتیژییەتیان هەیە، بە تایبەت ئەوانەی ڕێگای شەڕیان هەڵبژاردووە بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، دیارە ئەوەش ماف  دەدات بە دەسەڵاتدارانی عێراق دادگاییان بکەن".

ماکرۆن جەختیشیکردەوە، هەر کەسێک لەوانە دەرکەوت تێوەگلاوە لە کردەوە توندوتیژییەکان لەناوخۆیی عێراق پێویستە دادگایی بکرێت، عێراق تەنها مەبەستی ئەو کەسانەیە کە لەسەر خاکەکەی شەڕیان کردووە و دەرکەوتووە تاوانی تیرۆریستییان ئەنجام داوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕوونیکردەوە، فەرەنسا و سەرجەم هاوبەشە ئەوروپییەکانی دیکە، کە هاوڵاتیان هەیە و سزای لەسێدارەدانیان بەسەر سەپێنراوە، جوڵەیان دەستپێدەکەن بۆ سوککردنی سزاکانیان بەلای کەمەوە.

ماکرۆن وتی "دەسەڵاتدارانی عێراق ڕەزای بوون لەسەر سوککردنی سزای لەسێدارەدانی تیرۆریستە فەڕەنسییەکان".

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ وەرگرتنەوەی منداڵی ئەو فەڕەنسییە جیهادیانەی کە لە عێراقن.

بەیانی ئەمڕۆ ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە لوبنانەوە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبۆوە.



ڕیکلام