ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان كۆدەبنەوە

  2020-09-04  | 
دیداریکی پێشووتری نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لە تورکیا
فۆتۆ: ئەرشیف
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیا دەكات و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.


ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەگاتە توركیا و  كاتژمێر 9:30 و بۆ نانی بەیانی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا دەبێت.

 بەگوێرەی هەواڵی ئەو ئاژانسەی توركیا بارزانی هەر ئەمڕۆ لە كاتژمێر دوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی رەوشی ناوچەكە و پەیوەندیەكانی نێوانیان دەكەن. 

لە سەردانەكەیدا بارزانی هەریەكە لە فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەركایەتی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كەریم شنگالی بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆكی هەرێم و  فەلاح مستەفا راوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێمی لەگەڵدایە. 

ئەوەش دوای كۆبونەوەی رۆژی چوار شەممەی بارزانی دێت لەگەڵ ئیمانیۆل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا لە شاری بەغدا، كە هەندیچك سەرچاوە باسیان لەوە كردبوو سەرۆكی فەرەنسا بە بارزانی وتووە توركیا لە خاكی هەرێم بكەنە دەرەوە. 

سەردانی ماكرۆن و كۆبونەوەی لەگەڵ بارزانی لە كاتێكدا بوو كە گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان فەرەنسا و توركی الە ماوەی رابردوو پەرەی سەندووە،  بارزانیش بە یەكێك لە دۆستەكانی ئەردۆغان هەژمار دەكرێت لە ناوچەكەدا. 


ڕیکلام