كاردۆ محەمەد: هیچ فشارێكمان لە پەرلەمانتارەكانمان نەكردووە بۆ كشاندنەوەی واژۆكانیان

  2020-09-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێكخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند هیچ فشارێكیان لە پەرلەمانتارەكانیان نەكردووە بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم یاداشتی بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی وەزیری دارایی واژۆ بكەن.

كاردۆ محەمەد، لەبارەی دیاری نەكردنی سەرۆكی نوێی فراكسینۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای وت: بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامێكی فراكسیۆن هەڵبژاردنەكەی سەرۆكی فراكسیۆن دواخرا، ئەگەرنا هیچ گیروگرفتێكی وا گەورە نییە.

ئەو لەبارەی فشاركردنیان لەسەر پەرلەمانتارەكانیان بۆ واژۆ نەكردنەوەی دووەمجاری یاداشتی بانگهێشتنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بۆ پرساندن دەڵێت" كەس ناتوانێت فشار لەسەر پەرلەمانتار بكات پەرلەمانتار نوێنەری میللەتە و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی كردووە و دەتوانم بڵێم گربەستێكی ئەخلاقی –سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەكەی خۆی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژێردراوە ، واتە ئەو نوێنەرایەتی بزوتنەوەكە دەكات فشار لەكەس نەكراوە بەڵام پەیوەندی بە ئیرادەی پەرلەمانتار خۆیەوە هەیە."

ڕێكخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتیكردەوە هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان فشاركردن بوبێت لێی بۆ كشانەوەی واژۆكەی و وتی" هیچ فشارێك لە هیچ پەرلەمانتارێك نەكراوە. هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەی سەرۆك فراكسیۆنیش لەخۆی بپرسن."

لە ماوەی رابردوو سەرچاوەكانی ناو بزتنەوەی گۆڕان ئاشكرایانكردبوو كە عەلی حەمە ساڵح بەهۆی فشاركردن لێیی بۆ كشاندنەوەی واژۆی بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت لەلایەن رێكخەر و خانەی راپەڕاندنەوە دەستی لە سەرۆكایەتی فراكسیۆن كێشاوەتەوە. 

ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەكە ئاشكراشیكرد "ئێمە هیچ فشارێكمان نەكردووە بەڵام وتومانە هەر كارێك بكرێت دەمانەوێت دەستپێشخەریەكەی لەدەست بزوتنەوەكە خۆی بێت، واتە بۆ نموونە ئێمە دەمانەوێت بانگهێشتی حكومەت بكەین پێمان خۆشە بزوتنەوەی گۆڕان فراكسۆنەكەی خۆی ئەمە بكات. هەماهەنگی جیاوازە لەوەی دەسپێشخەرییەكە لە دەستی خۆت نەبێت."

ئەوەش دوای ئەوەهات كە سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێشەنگایەتی كۆكردنەوەی واژۆكانی كردبوو بۆ بانگهێشتی ئەو سێ كەسە لە حكومەتی هەرێم، و چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنە جیاوازەكانیش كە لە نێویاندا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هەبوو واژۆیان كردبوو، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان یاداشتەكەی رەتكردەوە. 

سەبارەت بەمانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت و ئەگەری كاریگەری لەسەر بزوتنەوەكە لەهەڵبژاردنی داهاتوو، كاردۆ محەمەد دەڵێت: ئەگەر ئێمە لەماوەی بەشداری كردنمان لە حكومەت دا كە ڕێز بۆ ڕای خەڵك بۆ ڕەخنەی خەڵك بۆ ئەو خەونەی خەڵك بەو ئومێدەی خەڵك بەهێزێكی وەك گۆڕان -ی هەبووە، وە هەر لەو خۆشەویستیشەوە بۆ گۆڕان ئێستا ڕەخنەی لێدەگرێت ، ئەگەر ئێمە نەمان توانی ئەو بەڵێنەی بە خەڵكمان دابوو حەقە خەڵكی كوردستان سزامان بدات لە پرۆسەكانی هەڵبژاردن."


ڕیکلام