عێراق..عاشورا ژمارەی توشبوانی کۆرۆنای گەیاندە 5000 حاڵەتی رۆژانە

  2020-09-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند بەهۆی پابەند نەبونی هاوڵاتیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە شوێنە گشتییەکاندا ئەمڕۆ زۆرترین توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیانامەیەکەدا رایگەیاند، هەرچەندە حسێنیەکان پابەندی تەواوی رێکارەکانی خۆپارێزی بوون، بەڵام هاوڵاتیان پابەند نەبوون و بەشێوەیەکی فراوان لە شەقام و کۆڵانەکاندا تێکەڵ بوون ئەوەش وایکرد رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرز ببێتەوە.

تەندروستی عێراق ئاشکراشیکردوە ئەم بەرزبونەوەیە بۆ ئەوان چاوەڕوانکراوبوو و بەبەردەوامی کاردەکەن بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا رێژەکە داببەزێنن.

هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کردوە پابەندی رێنماییەکان بن و خۆیان لە تێکەڵاوبوون بپارێزن بۆ ئەوەی ناوەندە تەندروستییەکان بتوانن کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ زۆرترین توشبووی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکرا کە 5036 توشبوو بوو کە ئەوەش لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەوە یەکەمجارە ئەوەندە تۆماربکرێت.


ڕیکلام