كۆمپانیای دوزی لەبارەی نرخی ناشتنی تەرم روونكردنەوە دەدات

  2020-09-05  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەبارەی نرخی ناشتنی تەرم لە گۆڕستانی نوێی سلێمانی كۆمپانیای خاوەن تەندەر روونكردنەوە دەدات و دەڵێت ئەو نرخانەی باسی لێوە دەكرێت راست نین و كۆمپانیاكەیان تەنها بڕی 110 هەزار دینار وەردەگرێت.

لەسەر داوای وەزیری شارەوانی و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ هەریەكە لە زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی و كۆمپانیای دوزی، خاوەنی تەندەری گۆڕستانی نوێی سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و رونكردنەوەیان لەبارەی نرخ و شێوازی ناشتنی مردوو لە گۆڕستانەكەدا. 

نوێنەری كۆمپانیاكە رایگەیاند، لە رۆژی یەكەمی مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە رۆژی دەستبەكاربوونی بۆ كراوە و رووبەڕی گۆڕستانەكە 237 دۆنم زەویە و سەرجەمی سیاجی بۆكراوە، بە گوێرەی گرێبەستەكە دەبێت گۆرستانەكانی دیكەی شاری سلێمانی دابخرێت و گۆڕهەڵكەنەكان بگوازرێنەوە بۆ ئەم گۆڕستانە. 

ئەوەشی راگەیاند، ئەو كۆشكانەی بۆ گۆڕهەڵكەنەكان دیاریكراوە شارەوانی خۆی رێنمایی بڵاودەكاتەوە و كۆمپانیا مافی ئەوەی نیە كە هیچ وتەیەكی لەوبارەیەوە هەبێت، تەنها نۆبەی كاركردنیان بۆدیاری دەكرێت لەلایەن كۆمپانیاوە. 

لەبارەی نرخەكانەوە نوێنەری كۆمپانیاكە وتی: بۆ گۆڕی كەسانی خوار تەمەن 12 ساڵان بڕی 175 هەزار وەردەگیرێت، كە بڕی 75 هەزار دیناری بۆ گۆڕهەڵكەنەكان دەبێت بڕی 100 هەزار دیناری بۆ خزمەتگوزاریەكان دەبێت كە لەلایەن كۆمپانیاوە پێشەش دەكرێت. 

ئەوەشی راگەیاند بۆ گۆڕی خەڵكی گەورە  260 هەزار دینار وەردەگیرێت كە 150 هەزار كەسی بۆ گۆڕهەڵكەنەكانە و 110 هەزاریشی بۆ كۆمپانیا دەبێت لەبەرامبەر خزمەتگوزاریەكانی وەك بی ئارتۆن كردن و ناشتنی نەمام و گەیاندنی ئاو.

كۆمپانیای دوزی رەتیدەكاتەوە بڕی ملیۆنێك پارە لە هیچ كەسێك وەرگیرابێت، ئاشكراشی دەكات كۆمپانیاكەیان داوای لە شارەوانی سلیچمانی كردووە بۆ كەمكردنەوەی نرخەكان بەڵام شارەوانی رەتیكردووەتەوە و پێی راگەیاندووین كە پابەندی رێنماییەكانی پێشوو بین. 

كۆمپانیاكە راشیگەیاند، ئەوان لەبەرامبەر ئەو دەنگۆ و قسانەی لە دژیان كراوە رێكاری یاسایی دەگرنەبەر لەبەرامبەر هەر كەسێك كە ببێتە هۆكاری شێواندنی راستیەكان. 


ڕیکلام