وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، حکومەتی میسر بۆ یەکەمجار بڕی ١١.٥ تۆن داودەرمان و کەلوپەلی خۆپارێزی پزیشکی پێشکەش بە وڵاتەکەی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، گەیشتنی ئەو هاوکارییانە لەچواچێوەی قوڵی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوهەردوو وڵاتی دۆست و کاراکردنی بنەمای هاریکاری هاوبەشە، کە دەدرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەحمەد دلێمی باڵیۆزی عێراق لە میسر، ستایشی ئەو دەستپێشخەری و کۆمەکەی کۆماری میسری عەرەبی کرد و ڕایگەیاند، قاهیرە هەمیشە پێشڕەوە لەپێشکەشکردنی هاوکاری و کۆمەک بۆ وڵاتانی دۆست لەناویشیاندا عێراق.
گەیشتنی ئەو هاوکاری و کۆمەکە تەندروستیانەی میسر لەکاتێکدایە، دوێنی هەینی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە ٥هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوەش بەرزترین ژمارەی تووشبوون بووە کە لەعێراق تۆمار کرابێت.