وتەبێژی هێزەچەکدارەکان: بەدەستێکی پۆڵاین لەوانە دەدەین یاری بە دۆخی ئەمنی دەکەن

  2020-09-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بەدەستێکی پۆڵاین لە هەر کەسێک دەدەن، گەر بیەوێت یاری بە ئاسایش و سیستمی وڵات بکات.

یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند "مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەکاتی سەردانیکردنی بۆ بارەگای فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، لێکدانەوەیەکی وردەکاریی دۆخی ئەمنی سەرجەم پارێزگاکانی پێشکەش کراو فەرمانیکرد بەسەپاندنی هێزی یاسا و ڕاوەدوونانی ئەو گروپانەی دەیانەوێت ئاسایش و ئارامی تێکبدەن لەسەرجەم پارێزگاکان، بە تایبەت لە پارێزگای بەسرە، کە ماوەیەکە ناکۆکی هۆزەکان تیا پەرەی سەندووە و چەکی سوک و قورسی تیا بەکارهاتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە باکوری بەسرە، دستبەسەراگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە لە یاسا دەرچوون و بازرگانی بە مادەهۆشبەرەکانەوە دەکەن.

ئاشکرایشیکرد، لە ئۆپراسیۆنەکاندا ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیر کراون، سزادراون بەمادەی ٤ی تیرۆر و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیش دەستی بەسەردا گیراوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا یەحیا ڕەسوڵ جەختیکردەوە، لەهەر ناوچەیەک کەسانێک هەبن بیانەوێت لە یاسا دەربچن، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان         مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکەن، ڕوونیشیکردەوە لەو ناوچانەی ئۆپراسیۆنی ئەمنیان تیا بەڕێوە دەچێت، هۆزەکان لەپاڵ هێزە ئەمنییەکاندا وەستاونەتەوە و هەماهەنگییەکی باش هەیە بۆ کنترۆڵکردنی دۆخی ناوچە ئاڵۆزەکان و ئۆپراسیۆنەکانیش بە تەواوی عێراقییە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداری تیا ناکەن.



ڕیکلام