پرسیار لەدەستوری بوونی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا دەکرێت

  2020-09-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق پرسیارێکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.

لەنوسراوێکی فەرمیدا (یوسرا ڕەجەب) پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق نوسیویەتی "دوای ئەو سەردانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا بۆ تورکیا و لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبۆوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەین وەڵامی ئەم پرسیارەى خوارەوەمان بدەنەوە".

ئایا ڕێوشوێنە یاساییەکانتان چی دەبێت، سەبارەت بەو پێشێلکارییەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ مادەی (١١٠- یەکەم – دووەم) لە دەستور، کە ئاماژە بەوە دەکات نوێنەراتی دیپلۆماتی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی بە تەنها؟.

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاند لە کۆبونەوەیاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی هەردوولا و پرسی ڕووبەڕووبونەوەی پەکەکەیان کردووە.

دواتریش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە کۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغاندا باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەردوولاکرا بەتایبەت ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و زیادکردنی.



ڕیکلام