حكومەت دوای حەوت مانگ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەداتەوە

  2020-09-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند حكومەت وەڵامی پرسیارەكانیان درەنگ دەداتەوە و رایدەگەیەنێت ماوەی نزیكەی حەوت مانگ بۆ وەڵامی پرسیارەكانیان دەبێت چاوەڕوانی حكومەت بكەن.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان، رایگەیاند "لە مێژووی حكومڕانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ وەزارەتێك بەقەد وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ماڵوێرانكەر نەبووە" و دەشڵێت تا ئێٍستا دەیان پرسیاریان ئاراستەی ئەو وەزارەتە كردووە بەڵام وەڵامیان نادەنەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتەكە وەڵامی بەشێك لە پرسیارەكانیان نادەنەوە و داوایان لێدەكەن پرسیارەكانیان ئاراستەی ئەنجومەنی نەوت گاز بكەن كە تا ئێٍتا لەم كابینەیەدا ئەو ئەنجومەنە كۆبونەوەیەكیشی نەكردووە. 

‎ ئەو نمونەی پرسیارێكی خۆی هێناوەتەوە كە لە 26ی شوبات ئاراستەی حكومەتی كردووە بەڵام تا 2ی ئەیلول وەڵامەكەی بەدەست  نەگەیشتووەتەوە وەك خۆی دەڵێت ماوەی نزیكەی حەوت مانگ بەسەر ئاراستەكردنیدا رۆشتووە. 

گەزنەیی وتوشیەتی: زۆرینەی پرسیارەكان بۆ ئەم وەزارەتە و زۆرێك لە وەزارەتەكانی دیكە هەمان ماوەی پێدەچێت و وەڵامەكانیش تەنها بۆ وەڵامدانەوەن نەك ڕوونكردنەوە جگەلە وەڵامی چەند وەزارەتێك كە دواتر هەموویان بڵاو دەكەینەوە.


ڕیکلام