نرخی نەوت لە جیهاندا جارێكی دیكە دابەزی

  2020-09-08  | 
دۆسیە:  نەوت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 41دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 38 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.


ئەوە لە كاتێكدایە بەیانی دوێنێ دووشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 42 دۆلار و 16 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە 39 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەو پێیەش نرخی نەوت بە هەردوو جۆرە دیارەكەیەوە بەراورد بە دوێنێ دابەزینی چەند سەنتێكی بەخۆیەوە بینیوە.

گەرچی ئەمڕۆ شەش رۆژە نرخی نەوت رووی لە دابەزینە، بەڵام ماوەی نزیكەی پێنج مانگی رابردوو بەهاكەی بەشێوەیەكی ئاسایی رووی لە بەرزبووەتەوە بەراورد بە چەند مانگی سەرەتای ساڵ كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبویەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان لە جیهان دەگەڕێتەوە دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 

وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بە سەركردایەتی سعودیە و رووسیا لە مانگی نیسان رێككەوتن بۆ هاوسەنگكردنەوەی بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان بە تێكڕا رۆژانە بەبڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكەنەوە. بڕیارەكە لە سەرەتای مانگی نیسان چووە بواری جێبەجێكردنەوە و تا كۆتایی مانگی تەممووز كاری پێكرا.


ڕیکلام