فەڕەنسا خەباتی كورد بۆ سەربەخۆیی دەخاتە پڕۆگرامی خوێندنەوە

  2020-09-08  | 
پاریس
فەڕەنسا خەباتی كورد بۆ سەربەخۆیی دەخاتە پڕۆگرامی خوێندنەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەروەردەی فەڕەنسا مێژوی كورد و خەباتی بۆ سەربەخۆیی دەخاتە پڕۆگرمی خوێندنی ئامادەیی وڵاتەكەیەوە .

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "گریك سیتی تایمز"، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و فێركردنی فەرەنسا بەشێكی لەسەر پرسی كورد بۆ كتێبی مێژو و جوگرافیای قۆناغی 11ی ئامادەیی زیادكردوە كە بڕیارە بۆ ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021 بخوێنرێت .

لەو دەقەی بۆ كتێبەكە زیادكراوە ئاماژە بەوەدراوە كە كوردەكان "گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهانن"و ژمارەیان دەگاتە 40 ملیۆن كەس . "

ئەوەش خراوەتەڕوو كە كوردەكان "ماوەی 100 ساڵە لەپێناو سەربەخۆییدا دەجەنگن" و بەتایبەتیش جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئەو وڵاتانەی دەستیان بەسەر كوردستاندا گرتوە دژ بە خەباتی كوردەكان دەوەستنەوە .

هەر لە دەقەکەدا هاتووە كە روخانی رژێمەكەی سەدام و داڕوخانی سوریا، هیوای بۆ سەربەخۆیی كوردستان گەڕاندەوە .

بەشێكی دەقەكە باسی لەوە كردوە كە "ناكۆكییەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگە خۆشدەكات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ."

ئاماژە بەوەشکراوە کە كتێبی مێژو و جوگرافیای قۆناغی 11ی ئامادەیی فەرەنسا، باس لە رۆڵی هێزە كوردییەكان بە پێشمەرگەو شەڕڤانانەوە دژ بە داعش كراوەو مانای وشەی "پێشمەرگە"ش رونكراوەتەوە .

لە بەشێكی دیكەی دەقە زیادكراوەكەدا هاتووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2019 بە رەزامەندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، هێرشی كردۆتە سەر كوردەكانی سوریا .

شەڕی داعش لە كتێبە فەرەنسییەكەدا وەك سەرەتای كۆتایی شەراكەتی نێوان ئەمریكاو كورد تۆماركراوە .

هەروەك ئاماژە بە "داگیركاریی توركیا لە باكوری سوریا" كراوە بەتایبەت لە عەفرین .

هەرلە دەقەكەدا هاتووە، "لە مانگی ئازاری 2018 سوپای توركیا شاری عەفرینی داگیركرد كە كورد لەو شارەو دەوروبەری دەژین، ئەو ناوچەیە رادەستی گروپە جیهادییە توندڕەوەكان كرا ."

دووپاتیشکراوەتەوە، "ئەو گروپە توندڕەوانە هەمو شتێك دەدزن و تاڵانی دەكەن، پیاوانی ئەو گروپە چەكدارانە دەستیان بەسەر ژمارەیەكی زۆر ماڵ و كاری كوردەكاندا گرتوە بەبێ ئەوەی روبەڕوی هیچ سزایەكی یاسایی ببنەوەو خەڵكیان بۆ پارە رفاندوەو دەیان كردەوەی كوشتنی بەكۆمەڵیان ئەنجامداوە ."

باسی لەوەش كردوە، كە دانیشتوانە كوردەكەی ناوچەكە ناچار بە جێهێشتنی ماڵوحاڵیان بون و لە ئێستادا 130 هەزار كەسیان بێ پەناگەن .

هەروەك ئەوەش خراوەتەڕوو کە، "ئەوە دوا ئامانجی ئەردۆغان بوو كە دەیویست بوونی كورد لەسەر سنوری توركیا بسڕێتەوە ."

لەو دەقەی كتێبەكەدا كە سەبارەت بە پرسی كوردە، داوا لە خوێندكاران كراوە، وەڵامی ئەم پرسیانە بدەنەوە: ئایا دۆخی كورد لە هەمو دەوڵەتەكاندا یەكشتە؟ ئایا سەربەخۆیی تاكە رێگەیە كە كوردەكان لەماوەی سەدەی 20 لەپێناویدا جەنگاون؟ رۆڵی كورد لە شەڕی دژبە داعشدا چی بوە؟ بۆچی دەكرێت بەراوردی نێوان كوردانی عێراق و كوردانی سوریا بكەین؟



ڕیکلام