میسر داوای گرتنەبەری سیاسەتێکی یەکلاکەرەوە دەکات لەدژی تورکیا

  2020-09-09  | 
سامح شکوری وەزیری دەرەوەی میسر
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی میسر ڕایگەیاند، هەڵسوکەوت و دەستوەردانەکانی تورکیا لەکاروباری ناوخۆیی ژمارەیەک لە دەوڵەتانی عەرەبی، بوونەتە مەترسی گەورە کە روبەڕوی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی بووەتەوە.

سامح شکوری وەزیری دەرەوەی میسر ڕایگەیاند، ئەو دۆخە پێویستی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی عەرەبی یەکگرتوو و یەکلاکەرەوە هەیە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕژێمی تورکیا، ئەویش لەڕێگەی هەماهەنگی زیاتری نێوان وڵاتانی عەرەبی.

ئەو هۆشداریانەی وەزیری دەرەوەی میسر لەمیانی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری عەرەبی لە کۆمکارری عەرەبی هات، کە تایبەت بوو بە دەستوەردانەکانی تورکیا  لە وڵاتانی عەرەبی.

لیژنەکە لەچوارچێوەی کارەکانی خولی ١٥٤ ی ئاسایی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبیدا هات.

لەوبارەیەوە ئەحمەد حافز وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوە لەمیانی کۆبوونەوەکەدا باسی لەو مامەڵە و هەڵسوکەوتە وێرانکارییانەی تورکیا کردوو لەچەند دەوڵەتێکی عەرەبی، کە دەبێتە هۆی دابەشبوونی زیاتری کۆمەڵگەکانی ناوچەکە.

هاوکات باس لەو کارئاسانیانەی تورکیا کراوە، کە ڕێگەی داوە بە تێپەڕبوونی دەیان هەزار تیرۆریست و چەکداری بەکرێگیراو لە سوریاوە بۆ لیبیا، هەروەها چاوچۆنییەکانی تورکیا لە سامانی سروشتی عێراق و ئیمزاکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنی نایاسایی لە لیبیا.



ڕیکلام