تورکیا: پێدانی ڤیزا بۆ دانیشتوانی موسڵ دەستیپێکردەوە

  2020-09-10  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، ڕەزامەندی نیشانداوە بە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی عێراقی دانیشتووی پارێزگای نەینەوا.

لەبەیاننامەکدا کە لەلایەن باڵیۆزخانەی تورکیاوە لەبەغدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات جارێکی پێدانی ڤیزا لە شاری موسڵەوە دەستی پێکردووەتەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا ڕایگەیاندووە، ئەو هاوڵاتیانەی عێراق کە دەیانەوێت گەشتی تورکیا بکات، بە ئاسانی دەتوانن ڤیزا بەدەستبهێنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆمپانیایانەی کە مۆڵەتپێدراون، دەتوانن لە ١٣ی ئەم مانگەوە داخوازی پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا.

لەدوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆناو خاکی عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە دوو مانگی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغدا ئاڵۆزی تیکەوت.

لە ڕۆژی ٢٨ی تەموزی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، كاركردن بە ڕێکەوتن و یاداشتی هاوبەشی لەگەڵ توركیا هەڵوەشاندەوە، كە تایبەتە بە فیزای هاتەناوەوە بۆ عێراق لە دەرواوزە سنورییەكانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشكردبوو، عێراق لەساڵی 2009 یاداشتێكی لەگەڵ كونسوڵگەرییەكانی توركیا ئیمزا كردووە، كە گەشتیار لە دەروازە سنورییەكان ڤیزای پێدەدرێت، بێئەوەی پێشتر سەردانی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەرییەكان بكات.، ئەویش لە پێناو كارئاسانی بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان و گەشتیارانی هەردوو وڵات .

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوسیویەتی، بەڵام لایەنی توركی تاك لایەنە كاركردنی بەو یاداشتە ڕاگرتووە، بۆیە حكومەتی عێراقیش بڕیاریدا كاركردنی بەو یاداشتە هەڵپەسێرێت، ئەویش لەسەر بنەمای مامەڵەكردنی هاوشێوە لەگەڵ یەكتر .