ڤاکسینی کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داھاتوو بەردەست دەبێت

  2020-09-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان پێشبڕکێیانە لەسەر بەردەستخستنی ڤاکیسنی کۆرۆنا و کۆمپانیای ئەسترازینکای فرەهاوبەش بۆ دروستکردنی دەرمان ڕایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڤاکسینەکە بەردەست بێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەسترازینکا رایگەیاندووە، بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئۆکسفۆرد پەرەیان بە ڤاکسینێک داوە کەلەسەر ٥٠ بۆ ٦٠ھەزار کەس لەسەرانسەری جیهاندا تاقی کراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە .

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ڤاکسینەکە لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو بەردەست دەبێت .

باسی لەوەشکردووە، خێراکردنی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە پشت دەبەستێت بە خێرایی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان، تا چەند خێرا ئەو کارانە بەرێوەبچن هێندەش زووتر ڤاکسینەکە بەردەست دەبێت .

پاسکال سیریۆت بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەسترازینکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤاکسینە هاوبەشەکەی کۆمپانیاکەی ئەوان و زانکۆی ئۆکسفۆرد زۆر جیاوازترە لە هەموو ڤاکسینەکانی تر کە هەولی دروستکردنی دراوە و دڵنیان کە ڤاکسینەکەی ئەوان دەبێتە شوێن گرەوەی هەموو ڤاکسینەکانی تر و وەک چارەسەرێکی سەرتاسەری بەکاردەهێندرێت .

ئاشکراشیکردووە کۆمپانیاکەیان خاوەنی چەندین هاوبەشە لە جیھاندا و لەو بڕوایەدان کە لە هەنگاوی یەکەمدا دەتوانن زیاتر لە سێ ملیار ڤاکسین (جورعە) بەرهەمبهێنن.



ڕیکلام