جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا سنوری ناحیە باتیفا لە قەزای زاخۆ بوردومانکرد و ئەمجارەشیان گوندەکانی کەشان و ڕویسێ کردە ئامانج .
حەبیب کەشانی لە ناحیەی باتیفا بە توڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند "ڕوژانە سوپای تورکیا بەردەوامە لە بوردومانکردنی گوندەکانی ئێمە ، ئەمڕوش جارێکی دیکە گوندی کەشان و ڕویسێ لە کاتژمێر ٧ و ٤٠ خولەکی شەو بوردومانکرد ، و لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا چوار جار بۆردوومانی ئەو دوو گوندەی کرد ، و ئاگرێکی زور بە زەوی و باخ و بێستانی ھاوڵاتیان کەوتووتەوە ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خاوەنی باخ و ڕەزە لە گوندی کەشان ، بە هۆی بوردومانەکان زیان بە ٥ دۆنمی ئەو لە ترێ و قۆخ گەیشتوە و لە ترسی بوردومانەکان ناتوانن بچینە ناوی .
سوپای تورکیا بە بیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ، بە ردەوامە لە بوردومانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە پارێزگایی دھۆک و قەزای ئامێدی و زاخۆ ، و تا ئێستا ژمارەیەکی ھاوڵاتی سڤیل شەھید و برینداربونە و زیان بە ھەزارن دونمی زەوی و بیستانەکان کەوتوە .