بەهۆی گەرما و نەمانی ئۆكسجین منداڵێك لە ئۆتۆمبێلەكەی باوكیدا گیان لەدەستدەدات

  2020-09-12  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە هەولێر منداڵێكی تەمەن سێ ساڵان دەچێتە ناو ئوتومبێلەكەی باوكیەوە و خێزانەكەی وادەزانن كە وون بووە، بەڵام دواتر تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی باوكیدا دەدۆزرێتەوە.

لە پرسەنامەیەكیشدا، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاندو، هۆنیاری كوڕی دلێر حسێن ئەندامی ئەنجومەنەكە بە كارەساتێكی دڵتەزێن كۆچی دوایی كردووە و داوای سەبووری بۆ خێزانەكەی دەكات.

هۆنیار دلێر حسێن، تەمەنی دوو ساڵ و 10 مانگە و باوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە لە فراكسیۆنی گۆڕان و دوای ئەوەی دوێنێ هەینی سەردانی ماڵی باپیرەیان كردووە  لە گەڕەكی (سەیداوە)ی ھەولێر، منداڵەكە بۆ چەند كاتژمێرێك دیار نامێنێت دوای گەڕان لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی باوكیدا دەیدۆزنەوە. 

منداڵەكە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و نەمانی ئۆكسجین لە ئۆتۆمبێلەكەدا گیانی لەدەستداوە، دوای دۆزینەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەڵام لە ئۆتۆمبێلەكەدا گیانی لەدەستداوە. 


ڕیکلام