وتەبێژی سەربازی کازمی: هەماهەنگی هاوبەش هەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق

  2020-09-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگی هاوبەش و پێویستی هەیە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لەپێناو پاراستنی ناوچە بەتاڵەکانی نێوان هەردوولا.

یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەگەر بەشێکن لە سیستمی بەرگری نیشتیمانی عێراق و هەماهەنگی هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی هێڵی بەتاڵی نێوانیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەماهەنگی کراوە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە سەبارەت بە ئەنجامدانی هەندێک ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەچوارچێوەی ناوچە هاوبەشەکان، ئەوە سەرەڕای ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری، کە زۆر گرنگە بۆ قۆناغی داهاتوو.

لە لایەکی ترەوە یەحیا رەسوڵ ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە، بە پاراستنی سنوری وڵات لەگەڵ سوریادا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق بەدرێژایی ٦٠٥ کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی هەیە لەگەڵ سوریا و لەئیستادا بەهاوبەشی لەنێوان هێزەکانس سوپا و حەشدی شەعبی کۆنترۆڵکراوە و هەموو پێداویستییەکانی پاراستن و چاودێری لۆجستیشی بۆ دابینکراوە.

لە کۆتایی قسەکانی وتەبێژی سەربازی کازمی جەختیکردووەتەوە لە پێویستی پاراستنی هەیبەتی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا و پارێزگاریکردنی عێراقییەکان لەهەموو شوێنێک.



ڕیکلام