کازمی ستایشی لێدوانەکانی سیستانی کرد لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە

  2020-09-13  | 
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ستایشی ڕێنمایی و لێدوانەکانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقی کرد، کە لەکاتی پێشوازیکردن لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختیکردەوە لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە و پاک و بێگەرد لەعێراقدا.

لەڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی کازمی بڵاویکردەوە "جەختدەکەینەوە لە ئاراستەی مەرجەعیەت و ڕێنماییەکان، وەک دەرچیەک بۆ کارە لەپێشینەکانی گەلی عێراق لەپێناو وەدیهێنانی داخوازییەکانی گەلی عێراق کە خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی ئازاد و پاک و بێگەرد".

کازمی جەختیکردووەتوە لە بەردەوامی هەنگاوەکانی دەوڵەت، لە پێناو پارێزگاریکردن لە سەروەریی عێراق و هەیبەتی دەوڵەت و دژایەتیکردنی گەندەڵی.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی هاتووە "حکومەت جەختدەکاتەوە لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەستیان سورە بە خوێنی عێراقییەکان و قۆناغی یەکەمی ڕێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ڕاستییەکان تەواو بووە و بەم نزیکانەش قۆناغی دووەم دەستپێدەکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە لێکۆڵینەوەی دادوەریی و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی دەستیان سورە بە خوێنی عێراقییەکان و ڕادەستکردنیان بە دادگا".

لە کۆتایی بەیاننامەکدا کازمی بەڵێنی داوە بە گەلی عێراق و مەرجەعییەت، پابەندی بەڵێنەکانیان بن لەسەر ڕێگای چاکسازی و پێشخستنی بەرژەوەندی عێراق و لەبەرچاوگرتنی مافی خەڵک بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و لەکەسیش نەترسن.