لە تەقینەوەیەکدا لە عەفرین ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون

  2020-09-14  | 
شوێنی تەقینەوەکەی شاری عەفرین
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە شاری عەفرینی سوریا، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان چوار کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلەکە پر بووە لە تەقەنی و لە دەوروبەری پارکی گەورەی شاری عەفرین تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی کوژراون و بریندار بوون و زیانی مادی زۆریشی بە ناوچەکە گەیاندووە.

بەڵام تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە و وردەکاری زیاتر ئاشکرا نەکراوە.

شاری عەفرین لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٨وە لە لایەن سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا داگیر کراوە و لەو کاتەوە نائارامی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوتووە و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی ناچار بوون شارەکەیان جێبهێڵن.