دامەزراندنى 8000 پلەى وەزيفى بۆ هەموو عێراق ڕادەگەيەندرێت

  2020-09-14  | 
بەغدا
دامەزراندنى 8000 پلەى وەزيفى بۆ ھەموو عێراق ڕادەگەيەندرێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆكى ليژنەى نەوت و وزەى ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق ڕايگەياند، دامەزراندنى 8000 پلەى وەزيفى بۆ ھەموو عێراق ڕادەگەيەندرێت و ئاشکراشیکرد، سەرەتاى مانگى داھاتوو لە كەركوك دەست دەكرێت بەدابەشكردنى نەوتى سپى بەسەر ھاوڵاتياندا.

ڕێبوار تەها جێگرى سەرۆكى ليژنەى نەوت و وزەى ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "سەرلەبەيانى ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٩/١٤ لە باڵەخانەى ئەنجومەنى نوێنەران وەكو ليژنەى نەوت و وزە ميواندارى ئيحسان عەبدولجەبار وەزيرى نەوتى عێراقمان كرد، بەمەبەستى گفتوگۆكردن لەبارەى ديد و تێڕوانينەكان لەسەر سياسەتى ئێستاى وەزارەتى نەوتى عێراق و چۆنيەتى مامەڵەكردن لەگەڵ كەيسى نەوت و گاز لەئايندەدا" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە ياساى كۆمپانياى نەوتى نيشتمانى و ناردنى بۆ ئەنجومەنى نوێنەران بەمەبەستى ھەمواركردنى، گفتۆگۆیان کردووە .

دەشڵێت، لەبارەى دامەزراندن و پلە وەزيفيەكانيشەوە، لە ياساى بودجەى عێراق بۆ ساڵى ٢٠٢١، دامەزراندنى ھەشت ھەزار پلەى وەزيفى بۆ ھەموو عێراق ڕادەگەيەنرێت بەجۆرێك (٣٠٠٠)يان بۆ دەرچوانى كۆلێژەكانى ئەندازەى نەوت و جيۆلۆجى و پترۆكيميايى و (٥٠٠٠)ەكەى تريش بۆ پسپۆڕييەكانى تر دەبێت .

ڕێبوار تەها ئاشکراشیکردووە، لەبارەى دابەشكردنى نەوتى سپيەوە، وەزيرى نەوتی عێراق ڕايگەياندووە كە لە سەرەتاى مانگى داھاتوودا لە كەركوك دەست دەكرێت بەدابەشكردنى نەوتى سپى بەسەر ھاوڵاتياندا .



ڕیکلام