ئیلهام ئەحمەد: حكومەتی سوریا هیوای بەوەیە دۆخی وڵاتەكە بگەڕێتەوە پێش 2011

  2020-09-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆكی ئەنجومەنی دیموكراتی سوریا رایگەیاند، سەرجەم دانوستانەكانی نێوان كورد و دەوڵەتی سوریا شكستی هێناوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە سوریا دەیەوێت بگەڕێتەوە پێش ساڵی 2011.


ئیلهام ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی دیموكراتی سوریا لەبارەی ئەنجام و قۆناغی دانوستانەكان بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا وتی: تا ئێستا كۆنگرە و كۆبوونەوەی زۆر لە سەر پرسی قەیرانی سوریا لەوانە كۆبوونەوەی جێنێف بەڕێوە چووە، بەڵام هیچیان نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

ئەو لە كۆڕێكی راوێژكاریدا لە حەسەكە لەبارەی رێككەوتنی كێشەی سوریاوە ئاماژەی بەوە كرد ئەو وڵاتانەی دانوستانەكان دەكەن خۆیان هۆكاری دروستبوونی كێشەكانی سوریان. 

ئیلهام ئەحمەد راشیگەیاند، دەوڵەتی ناوەندی سوریا ئەم قۆناغەی ئێستای سوریا وەك قۆناغێكی كاتی دەبینێت و پێیوایە دەكرێت دۆخی وڵاتەكە بگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2011. 

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی راشیگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ ئەوەی دانوستان لەگەلچ حكومەتی ناوەندی دەست پێبكەنەوە و رێككەوتن لەسەر هەموو بابەتێك دەكەن. 


ڕیکلام