سیاسەتی ئۆپیک پڵەس زیانی 50 ملیار دۆلار لە عێراق دەدات

  2020-09-15  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پێشووی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس "opic+ " زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندووە، بەشێوەیەک لە داهاتوودا وڵاتەکە تووشی قەیران دەکات.

محەمەد بەحرولعلوم وەزیری پێشووی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بە کەناڵی روسیا تودەی ڕاگەیاندووە "پایەندبوونی عێراق بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس، بە واتای بێبەشبوونیەتی لە ٧٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بڕی نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار زیانی لێدەکەویت".

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە پێداچونەوەی ڕێککەوتنەکە هەیە، چونکە ناتوانێت کەموکوڕی و بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە لە ئەستۆ بگرێت، لەکاتێکدا وڵاتانی دیکە پەرە بە کەرتی نەوتی وڵاتەکانیان دەدەن، بەڵام عێراق زیان بەخۆی بگەیەنێت.

ئیبراهیم بەحرولولعلوم وەزیری نەوتی پێشوو داوایەکی لە دادگای ئیداری عێراق تۆماکردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، کە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس.

ئۆپیک پڵەس، بریتییە لە ڕێککەوتنێکی ئابوری لەنێوان ٢٣ دەوڵەتی  هەناردەی نەوت، ١٣ دەوڵەتیان ئەندامی وڵاتانی هەناردەی نەوت ناسراو بە "ئۆپیک"، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا ڕیککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاوی خۆیان، لەپێناو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا.



ڕیکلام