ئومێد بەرۆشكی بێسەروشوێنە

  2020-09-16  | 
دۆسیە:  دهۆک
 مازن شنگالی
پارێزەری خۆبەخشی كەسی ئومێد بەرۆشكی رایگەیاند ئەو چالاكوانە دوای ئەوەی بۆ دووەمجار لە ماوەی دوو رۆژدا ئازادكرا لە ئێستادا بێسەروشوێنە.

رێڤینگ یاسین، پارێزەری خۆبەخشی كەیسی چالاكوان ئۆمێد حاجی بەرۆشكی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی رۆژی 14ی ئەم مانگە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی دهۆكەوە بڕیاردرا بە ئازادكردنی ئۆمێد حاجی بەرۆشكی، چالاكوانی شاری دهۆك، بە كەفالەتی سێ ملیۆن دینار، دوای چەند كاتژمێرێك لە ئازادكردنی دەستگیركرایەوە و دوێنێش بڕیاری ئازادكردنەوەی جارێكی دیكە دەرچوو. 

ئەو روونیكردەوە هەر دوای ئازادكردنی نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە. ئەوان وەك پارێزەرانی خۆبەخش بەدواداچونیان كردووە، بەڵام بنكەی پۆلیسی نەورۆز كە پێشتر لێی دەستگیركرابوو پێیان راگەیاندوون كە ئەو لە دوێنێوە ئازادكراوە. 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە رۆژی 14ی ئەم مانگە لە دوای 27 رۆژ مانەوەی لە زیندان بە تۆمەتی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ئازادكرابوو هەر هەمان رۆژ شەوەكەی جارێكی دیكە دەستگیر كرایەوە و دوێنێش جارێكی دیكە بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەرچوو بوو.  


ڕیکلام